کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نوێنەری حیزبی دێموکرات له ئاڵمان، سەردانی پارلمانی ئەو وڵاتەی کرد

22:30 - 7 پووشپەڕ 2714

کوردستان میدیا: نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ئاڵمان لەگەڵ ئومید نووریپووی\'\' ئەندام پارلمانی ئەو وڵاتە کۆبووەوە.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، هیوا بەهرامی نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی ئاڵمان، رۆژی پێنجشەمە ڕێکەوتی ٥ی پووشپەڕی ١٣٩٣ی هەتاوی، سەردانی پارلمانی ئەو وڵاتەی کورد له دانیشتنێکدا لەگەڵ \'\'ئومید نووریپووی\'\'، ئەندام پارلمان له فراکسیۆنی پارتی سەوز و ئەندامی کومێسیۆنی سیاسەتی دەرەوەی پارلمان، چەندین پرسی پێوەندیدار به کوردستان، ئێران و ناوچەکەیان تاوتوێ کرد.

لەم چاوپێکەوتنەدا، نوێنەری حیزب وێڕای ئاماژه به سیاسەتەکانی دەوڵەتی رۆحانی لە بارەی پرسی نەتەوە بن دەستەکان و پرسگەلی دیکەی وەک ئازادیی تاک و میدیاکان و هتد، به شاونۆیەک ناودێر کرد که زۆر کەس به تامەزرۆیی‌یەوه چاوەڕوانی لادانی پەردەکه بوون و ئێستاش، پاش ساڵێک له هاتنەسەرکاری ئەو دەوڵەتە، هەموو ئەو کەسانەی که باوەڕیان بەوه هێنابوو دەوڵەتی رۆحانی دەتوانێت ئاڵوگۆڕی موسبەت له فە‌زای سیاسی ئێراندا پێک بێنێت، کۆشکی هیوا و ئاواتەکانیان رووخاوه و راست بە پێچەوانەی ئەو چاوەڕوانییانه، فەزای سیاسیی ئێران ئەگەر له کاتی دەوڵەتی پێشوودا خراپتریش نەبووبێت، هیچ ئاڵوگۆڕێکی ئەرێنی تێدا بەدی ناکرێت.

نوێنەری حیزب هەروەها ئاماژەی بەوە دا که هەموو هەوڵی رێژیمی ئێران خۆ دەربازکردن له ژێر گوشاری ئابووری ــ سیاسییه کەله ئاستی ناوخۆیی و نێونەتەوەیی له گەڵیدا بەرەوڕوو بووەتە‌وه.

هەر لەم پێوەندییەدا بەڕێز نووریپووی، وێڕای تەییدی وتەکانی نوێنەری حیزب، بارودوخی مافی مرۆڤ له ئێران و ئازادییە تاکەکەسیییەکان و هەروەها چالاکانی بوارەکانی مافی مرۆڤ، ژنان و هتد به کارەسات ناوبرد و پێی وابوو له داهاتووشدا دەوڵەتی ئێستا له بەرنامەیدا نییه ئاڵوگۆڕی ئەرێنی پێک بێنێت.

لەم دانیشتنەدا باسی وتووێژەکانی نێوان رێژیم و وڵاتانی رۆژئاوا سەبارەت به بەرنامەی ناوەکی رێژێم، قەیرانی عێراق و رۆلی سەرەکیی کۆماری ئێسلامی لەو قەیرانەدا و چەند بابەتێکی دیکەی پێوەندیدار باسیان لێوە کرا.