کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نوێنەری حیزبی دێموکرات لە کۆنفڕانسی یەکسانیی ڕەگەزی بەشداری کرد

11:01 - 18 رەشەمه 2718

کوردستان میدیا: نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە پارلەمانی ئورووپا، له کۆنفڕانسی یەکسانیی ڕەگەزیدا بەشداری کرد.

ڕۆژی پێنجشەممە، ١٦ ی ڕەشەمە، "حیسام دەستپیش"، نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە کۆنفڕانسێکدا  لەژێر ناوی "یەکسانیی ڕەگەزی" لە  پارلەمانی ئورووپادا بەشداری کرد.

ئەم کۆنفڕانسە، لە لایەن سۆسیال دێموکراتەکان، گرووپی پێشکەوتنخوازەکان بۆ نوێنەرە گەنجەکانیان، لە هەموو یەکیەتیی ئورووپا ڕێک خرابوو.

کۆنفڕانسەکە جیا لە پەیامە جیاوازەکان دوو پانێلی لە خۆ  گرتبوو، کە لەسەر کێشەی ڕەگەزی لە هەموو وڵاتانی ئورووپا و هەروەها خودی دامەزراوەی یەکیەتیی ئورووپا باس کرا.

لە ئەنجامی کۆنفڕانسەکەدا، کۆمەڵێک پێشنیار دیاری کران، هەتا بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو و یەکسانی لە دامەزراوەی یەکیەتیی ئورووپا لە بەرچاو بگیرێت. لە هەمان کاتدا هانی وڵاتان بەتایبەت وڵاتانی خۆرهەڵاتی ئورووپا بدرێت، کە یەکسانی لە نێوان  ژن و پیاودا لە بەرنامە سەرەکییەکانیاندا بگونجێنن.