کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نوێنەری حیزبی دێموکرات لەگەڵ حیزبی مەسیحییەکانی دێموکرات و فلەمان CD&V لە بلژیک کۆبوویەوە

11:50 - 6 رێبەندان 2718

کوردستان میدیا: بە مەبەستی دامەزراندنی پەیوەندییەکانی دوو لایەنە و ئاگادارکردنەوەی حیزبی مەسیحییەکانی دێموکرات و فلەمان CD&V لە بارودۆخی گشتیی نەتەوەی کورد لە ئێراندا، پێشڵکارییەکانی مافی مرۆڤ و سەرکووتی سیستماتیکی گەلی کورد و هەروەها ناساندنی حیزبی دێموکرات و ئەمانجەکانی و بە تایبەتی دۆزی رەوای گەلی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان بەم حیزبە کاریگەرە بلژیکییە، "حیسام دەستپیش" نوێنەری حیزبی دێموکرات، لە یەكیەتیی ئورووپا و بلژیک لەگەڵ " Peter Gijsels" سکرتێری پەیوەندییە نێونەتەوەییەکانی ئەم حیزبە کۆبووە.

بەپیی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی هەینی ٢٥ی ژانویەی ٢٠١٩ی زایینی، لە چوارچێوەی چالاكیی بەشی پێوەندییەكانی دەرەوەی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران، "حیسام دەستپیش" نوێنەری حیزبی دێموکرات، لە یەكیەتیی ئورووپا و بلژیک، لەگەڵ "پیتێر گێیسلس" Peter Gijsels، سکرتێری پەیوەندییە نێونەتەوەییەکانی حیزبی " مەسیحییەکانی دێموکرات و فلەمان" CD&V  لە بنکەی سەرەکیی ئەم حیزبە لە شاری برۆکسێل کۆبوویەوە.

لەم هەڤدیتنەدا، نوێنەری حیزبی دێموکرات لە بلژیک و یەكیەتیی ئورووپا، بە وردی لە سەر ئامانجە دیاریکراوەکانی ئەم دیدارە قسەی کرد. هەروەها راپۆرتێکی تایبەتی لە سەر پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە لایەن رێژیمی ئیسلامییی ئێران پێشکەش بە بەڕێز " Peter Gijsels" کرد و هەروەها کۆمەڵێک بەڵگەی تایبەت بە پرسی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستانی رادەستی ناوبراو کرد کە لەخۆگرەوەی ئامانج و پرەنسیپەکانی خەباتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بوون.

بەڕێز  "پیتێر گێیسلس" Peter Gijsels، سکرتێری پەیوەندییە نێونەتەوەییەکانی حیزبی " مەسیحییەکانی دێموکرات و فلەمان" CD&V ، وێڕای دەربڕینی دڵخۆشیی خۆیان بۆ سەردانی نوێنەری حیزبی دێموکرات لە ناوەندیی سەرەکیی ئەم حیزبە، پێداگریی کرد لە سەر پەیوەندییەکانی دوو حیزب و وتی: ئێمە پێمان خۆشە ئەم پیوەندییانە بەردەوام بن و پەرە بستێنن و وێرای پێداگری لە سەر خەباتی رەوای گەلی کورد لە رۆژهەڵات و هەموو بەشەکانی کوردستان، بەڵێنی دا کە لە رێگای کاناڵە پەیوەندیدارەکانی ئەم حیزبە قسە و راپۆرتەکانی شاندی حیزب بە شوێنی مەبەست بگەیەنێ.

شایانی باسە کە حیزبی مەسیحییەکانی دێموکرات و فلەمان CD&V کە پارتێکی مەجددی و کاریگەری هولەندی زمانە لە بلژیکی فیدراڵ، خاوەنی ١٨ کورسی لە کۆی ٨٧ کورسی پارڵمانی فدراڵی بلژیکە و  لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی بلژیک لە ساڵی ٢٠١٨دا، لە ناوچەی ڤلاندرنی بلژیک کە هولەندی زمانن، دەنگێکی زۆر بەرچاوی هێناوە.