کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نوێنەری حیزبی دێموکرات لەگەڵ سێناتۆر مارک ڕۆبیوو دیدارێکی پێک هێنا

10:58 - 11 رەزبەر 2718

کوردستان میدیا: نوێنەری حیزبی دێموکرات لە وڵاتی ئامریکا سەردانی نووسینگەی سێناتۆر مارک ڕۆبیووی کرد.

ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٩ی ڕەزبەر، ئارش ساڵح نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە وڵاتی ئامریکا، سەردانی نووسینگەی مارک ڕۆبیووی کرد و لە بارەی پرسی کورد و کاریگەریی ئامریکا وتووێژیان کرد.

ئارش ساڵح لەم سەردانەدا، وێڕای ئاماژەکردن بە مووشەکبارانی سپای پاسداران بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی حیزبی دێموکرات باسی لەوە کرد، کە ڕێژیمی ئێران خەریکە ئەو پەیامە بە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەدات، کە ئامریکا پشتیوانی هێزە دێموکراتیکەکان ناکات و ئەمەش لە ڕاستیدا پەیامێک نییە، کە ئامریکا بیەوێت خەڵکی ئێران و ناوچەکە بیبیستن، لەبەر ئەوەی ئەم پەیامە خەڵک لە ئامریکا بێهیوا دەکات و لە  ئاکامدا دەسەڵاتی ڕێژیمی ئێران لەو ناوچەیەدا زیاتر دەبێت.

نوێنەری حیزبی دێموکرات لە وڵاتی ئامریکا لە درێژەدا باسی لە مانگرتنی گشتیی کوردستان کرد و بە سێناتۆر مارک ڕۆبیووی ڕاگەیاند، کە ئەم مانگرتنانە ئەو ڕاستییە دەردەخەن، کە گەلی کورد لە کوردستانی ئێران لەگەڵ حیزبەکانی خۆیانن  و پێگەی کۆمەڵایەتیی حیزبە کوردییەکان ڕۆژ بە ڕۆژ ڕوویان لە زیادبوونە.

ئارش ساڵح لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بە مێژووی ٧٣ ساڵەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کرد، کە سەرەڕای ئەو هەمووە تێرۆر و گوشارانەی سەری، حیزبی دێموکرات لەسەر پێ ماوەتەوە و پێگەی کۆمەڵایەتیی خۆی لە دەست نەداوە و وتی: "بۆیە ئەمە زۆر ڕەوایە کە بڵێین ئەوە ئێمەین، وەکوو حیزبەکانی ڕۆهەڵات نوێنەرایەتی خواستە سەرەکییەکانی گەلی کورد لە ئێران دەکەین، نەک هیچ لایەنێکی دیکە.

نوێنەری حیزبی دێموکرات داوای لە مارک ڕۆبیوو کرد، کە پشتیوانی خەڵکی ئێران بن و پێیان ڕابگەیەنن کە پاڵپشتیانن و دەنگی ناڕەزایەتییەکانیان بە ئێوە دەگات و وتی: "خواستی گەلی کورد لە کوردستانی ئێران ئەوەیە کە ئێوە چیدیکە لە هەمبەر لەسێدارەدانی ڕۆڵەکانیان بێدەنگ نەبن و هێرش بۆ سەر حیزبی دێموکرات لە سێنادا مەحکووم بکەن.

شایەنی باسە، سێناتۆر ڕۆبیوو یەکێک لە بەربژێرەکانی پۆستی سەرکۆماری وڵاتی ئامریکا بووە و لە ئێستەدا لە دوای مردنی جان مەککین  بە یەکێک لە گرینگترین سێناتۆرەکانی ئامریکا لە بیاڤی پێوەندییەکانی دەرەوەی ئەم وڵاتە لە قەڵەم دەدرێت.