کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نوێنەری حیزبی دێموکرات لەگەڵ شاندێکی پارتی کرێکارانی نوروێژ کۆبووەوە

15:01 - 29 گەلاوێژ 2714

کوردستان میدیا: بەشداریی هێزەکانی پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات لە شەڕی دژی داعش یەکێک لە باسەکانی دیداری نوێنەری حیزبی دێموکرات و شاندی پارتی کرێکارانی نوروێژ بوو.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، عەزیم ئەلیاسی نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران رۆژی سێشەممە رێکەوتی ٢٨ی گەلاوێژ لەگەڵ شاندێکی پێوەندییە بیانییەکانی حیزبی کرێکارانی نوروێژ بە سەرپەرستیی ماری وێست کۆبووەوە.

دۆخی ئیستای کوردستان و شەڕی دژی داعش، سیاسەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەبارەی شەڕ و ئاڵۆزییەکانی ناوچە، یارمەتییە مرۆیی‌یەکانی وڵاتانی جیهان بە ئاوارەکانی هەرێمی کوردستان، پیویستیی پشتیوانیی وڵاتان لە کوردستان و کورد و پێوەندییەکانی حیزبی دێموکرات و پارتی کرێکاران نوروێژ لەو دانیشتنەدا باسیان لەسەر کرا.

شاندی نوروێژی لەو دیدارەدا پرسیارێکی ــ لەبارەی چۆنیەتیی یارمەتیدانی کوردستان لەلایەن پارتی کرێکارنی نوروێژەوە ــ خستە بەردەم نوێنەری حیزب.

نوێنەری حیزب لە وەڵامدا وتی: یەکەم، یارمەتیی مرۆڤدۆستانە بۆ ئاوارەکانی کوردستان کە ئەویش راستوخۆ بۆ هەرێمی کوردستان رەوانە بکرێت و ئەگەریش بکرێت کارمەندی خۆشیان لەم پێوەندییەدا بنێرن. دووهەم، یارمەتی چەکوچۆڵی نیزامی بە هەرێمی کوردستان و سێهەم، ئەوەکە نوروێژ لە کۆر و کۆمەڵە نێودەوڵەتییەکاندا پشتیوانی سیاسی لە کورد و هەرێمی کوردستان بکات.

لەلایەکی دیکەشەوە باس لە بەشداری پێشمەرگەکانی حێزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شەڕ لە دژی داعش کرا.