کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نوێنەری حیزبی دێمۆكرات لەئاڵمان لەگەڵ ژمارەیەك ئەندام پارلمان و نوێنەری پارتەكانی ئەو وڵاتە كۆبۆوە

14:29 - 10 رەشەمه 2712

كوردستان میدیا: هیوا بەهرامی لەگەڵ نوێنەری پارتی سوسیال دێمۆكرات وپارتی دێمۆكرات مەسیحی، نوێنەری پارلمان و چەندین رێكخرای ئاڵمانی كۆبوونەوەی پێک هێنا.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی كوردستان میدیا، رێكەوتی ٩‌ی رەشەمە هیوا بەهرامی نوێنەری حیزب لە ئاڵمان سەردانی دەفتەری سەرەكیی پارتی دێمۆكرات مەسیحی ئاڵمانی كرد و لەگەڵ بێرتیل وێنگێر، بەرپرسی كاروباری نێونەتەوەیی ئەو پارتە دیداری كرد.
لەو چاوپێكەوتنەدا بەهرامی چەند بابەتێكی سەبارەت بە كوردستان و ئێران خستە بەر باس و سیاسەتەكانی حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێرانی لەمەڕ ئەو بابەتانە شی كردەوە.
پارتی دێمۆكرات مەسیحی ئاڵمان لە حاڵی حازردا لەو وڵاتەدا لە دەسەڵاتدایە و سەرۆكی ئەو پارتە سەدری ئەعزەمی ئێستای ئاڵمانە.

بێرتیل وێنگێر، هیوای خواست كە پەیوەندییەكانی نێوان هەر دوو حیزب لە داهاتوودا چڕتر بكرێنەوە و هەروەها روانگەكانی پارتی دێمۆكرات مەسیحی ئاڵمانی سەبارەت بە پرسی كورد لە ئێران، پرسی دێمۆكراسی و مافی مرۆڤ و هەروەها قەیرانی نێوان ئێران و رۆژئاوای خستە روو و ئاماژەی بە پێداگری پارتەكەی لە گرتنەبەری سیاسەتێكی بە بڕشتی نێونەتەوەیی بەرانبەر بە كۆماری ئیسلامی، كردەوە.
لەدرێژەی ئەو چاوپێكەوتنانەدا هیوا بەهرامی سەردانی پارلمانی وڵاتی ئاڵمانی كردو لەگەڵ خاتوو ئووتا تساپف ئەندامی پارلمان لە فراكسیونی سوسیال دێمۆكراتەكان و ئەندامی كۆمیسیۆنی سیاسەتی دەرەوەی پارلمان، دیداری كرد.


لەم چاوپێكەتنەدا هەلوومەرجی سیاسیی كوردستانی ئێران، بارودۆخی ئێران بە گشتی و سیاسەتەكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران، بارودۆخی نەتەوە ستەم لێكراوەكانی ئێران، قەیرانی نێوان رۆژئاوا و كۆماری ئیسلامی و داهاتووی ئەو قەیرانە، باس و گفتۆگویان لە سەركرا.

هەر لە رێكەوتی ٩‌ی رەشەمەدا نوێنەری حیزبی دێمۆكرات لە ئاڵمان لەگەڵ سەرۆكی رێكخراوی Mideast Freedom Forum Berlin كۆبۆوە.

هیوا بەهرامی لە چاوپێكەوتن لەگەڵ میشائێل سپانی سەبارەت بە چەندین بابەتی پەیوەندیدار بە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئێران و كوردستان ئاڵوگۆڕی بیرورایان كرد.

ئەم رێكخراوەیە لە بۆاری راوێژكاری سیاسیدا چالاكە و هەروەها چەندین پڕۆژەی سەبارەت بە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئێران لە بەر دەستدایە.

میشائێل سپانی وتیشی: پێویستە لە داهاتوودا پەیوەندی زۆر باش و چالاكانەیان لەگەڵ نوێنەرایەتی حیزبی دێمۆكراتی كوردستان لە ئاڵمان هەبێت.