کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نوێنەری حیزبی دێمۆکرات لە رێوڕەسمی ٤٢ مین ساڵـڕۆژی دامەزرانی فیداییانی خەلق بەشداریی کرد

13:47 - 16 رێبەندان 2712

کوردستان میدیا: نوێنەری حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران لە رێوڕەسمی ٤٢مین ساڵیادی دامەزرانی فیداییانی خەڵقی ئێران لە شاری ستۆکهۆڵم بەشداریی کرد.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رێکەوتی ١٤ی رێبەندان شاندێکی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران بە سەرپەرستیی مەنسوور عەزیزی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزب لە رێوڕەسمی ٤٢مین ساڵـڕۆژی دامەزرانی بزووتنەوەی فیداییانی خەلقی ئێران لە شاری ستۆکهۆڵم پایتەختی وڵاتی سوێد، بەشداریی کرد.
هەر لەو رێوڕەسمەدا میزگردێک لە پێوەندی پرسە سیاسی، ئابووری کۆمەڵایەتییەکانی ئێران و رەوشی ئوپۆزیسیۆن بە بەشداریی نوێنەرانی پارت و لایەنەکانی کوردستان بەڕێوەچوو و هەر کام لەو نوێنەرانە را و تێبینیەکانی خۆیان باس کرد.
لەم مێزگردەدا مەنسوور عەزیزی بە نوێنەرایەتی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران، مێهدی فەتاپوور بە نوێنەرایەتی رێکخراوەی فەداییانی خەڵکی ئێران – ئەکسەریەت، مەجید زەربەخش بە نوێنەرایەتی شۆرای موەقەتی سوسیالیستەکانی چەپی ئێران و محەممەد ئەعزەمی بە نوێنەرایەتی رێکخراوەی یەکێتی فەداییانی خەڵکی ئێران قسەیان کرد.
هەر لەو پێوەندییەدا مەنسوور عەزیزی بە ئاماژە بە قەیرانی رەوایی رێژیمی ئێران و ئەوەی کە ئەم رێژیمە هەوڵی داوە رەوایی خۆی لە رێگەی هەڵبژاردنەوە بە دەس بێنێت، جەختی لە سەر ئەوە کردەوە کە لەم سیستمەدا باس کردن لە هەڵبژاردنی ئازاد باسێکی دوور لە راستییە.
نوێنەری حیزبی دێمۆکرات لەو کۆبوونەوەیەدا جەختی لەسەر یەکگرتنی ئوپۆزیسیۆنی ئێران لەسەر بنەمای خاڵە هاوبەشەکان و دابین کردنی مافی نەتەوەکانی ئێران کرد.