کوردستان میدیا: نوێنەری وەلی فەقیهی ڕێژیم لە پارێزگای سنە، هەوڵی وەدرۆخستنەوەی گەندەڵیی ئیداریی لەم پارێزگایەدا داوە و وتوویەتی هەموو کارگێڕانی ئەم پارێزگایە دەستیان پاکە.
ئاخوند "محەممەدحوسێن شاهروودی"، نوێنەری وەلی فەقیهی ڕێژیم لە پارێزگای سنە لە لێدوانێکدا، لە چەواشەکارییەکی بەرچاو و ئاشکرادا، پشتیوانی لە بەرنامە و هەوڵەکانی دەوڵەت لە پارێزگای سنەدا کردووە.
نوێنەری وەلی فەقیهـ لە کاردانەوە بەو هێرشانەی کە کراوەتە سەر کارگێڕانی ئیدارەکان لە پارێزگای سنەدا، وتوویەتی: "٩٨ لەسەدی کارگێڕان و بەرپرسانی ئیدارەکان دەستیان پاکە و پارێزگای سنە لە بواری تۆمارکردنی سکاڵا لەم بوارەدا لە ئاستی ئێراندا، لە پلەی کۆتاییدایە".
ناوبراو بەمەبەستی بەلاڕێدابردنی بابەتەکە وتوویەتی: "دەبێ لەگەڵ ئەو کەسانەی کە گەندەڵی دەکەن بە شێوەیەکی جیددی هەڵسوکەوت بکرێت و نابێ ڕێژەی ٢ لەسەد لە گەندەڵکاری لە ئیدارەکانی پارێزگای سنەدا، ٩٨ لەسەدی بەرپرسان بباتە ژێر پرسیارەوە".
قسەکانی "شاهروودی" سەبارەت بە نەبوونی گەندەڵی و پاکبوونی بەرپرسانی ئیدارەکان لە حاڵێکدایە کە لە ماوەی یەک حەوتووی ڕابردوودا، یەکێک لە جانبازەکانی ڕێژیم بە ناوی "ف – ڕ" کە لە ئیدارەی بونیاد شەهیدی سنەدا کار دەکات، بە تاوانی وەرگرتنی بەرتیل لە لایەن ئیتلاعاتی سنەوە دەسبەسەر کراوە و تاکوو ئێستا ئازاد نەکراوە.