کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نوێنەری پێشووی مەجلیسی ڕێژیم ئاشکرای کرد کە شەمخانی لە خۆپیشاندانەکانی ٩٨دا وتوویەتی ''ئێمە لێیان دەدەین''

18:35 - 16 خاکەلێوه 2721

''محموود سادقی'' نوێنەری پێشووی مەجلیسی ڕێژیمی ئێران لە وتووێژێکدا وتوویەتی کە ''عەلی شەمخانی'' سەرۆکی شورای باڵای ئەمنییەتی ڕێژیمی ئێران لە کاتی خۆپیشاندانەکانی خەزەڵوەری ٩٨دا وتوویەتی کە دەبێ تەقە لە خەڵک بکرێت.

''سادقی'' لەو وتووێژەدا جەختی کردووەتەوە کە بەپێچەوانەی ئیدعای هێندێک لە بەرپرسان، بەپێی دانیشتنەکانی کۆمیسیۆنی مەجلیس، هیچ بەڵگەیەک لەمەڕ پێوەندیی ناڕازییان لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی دەرەوە نەدۆزراوەتەوە.

ئەو نوێنەرەی پێشووی مەجلیسی ڕێژیم وتوویەتی: ''هەموو ناڕازییان لە خەڵک بوونە و نەدەبا بە کوشتن وڵامیان بدرایەتەوە، من بە عەلی شەمخانیم وت کە ئەوان خەڵکن، لە شەقامەکاندا دەیانکوژن! چ دەکەن؟ ئەگەر خەڵک بڵاوەی نەکرد و ڕاوەستان دەتانهەوێت بیانکوژن؟''.

بە وتەی ناوبراو، شەمخانی لە وڵامدا وتوویەتی: ''ئێمە لێیان دەدەین''.

بەڵام دەبیرخانە شواری باڵای ئەمنییەتی میللیی ڕێژمیی ئێران، ڕۆژی دووشەممە ١٦ی خاکەلێوە، لە کاردانەوەیەکدا قسەکانی ''مەحموود سادقیـ''ـی بە ناڕاست و بێبنەما ناو بردووە و بە دەرکردنی بیاننامەیەک ویستوویەتی قسەکانی ''سادقی'' بە درۆ بخاتەوە.

مانگی خەزەڵوەری ساڵی ٩٨ دوای گرانکردنی نرخی بێنزین، خەڵکی کوردستان و ئێران دژی ڕێژیم هاتنە سەر شەقام و دەستیان بە خۆپیشاندان کرد کە لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە بە دڕندانەترین شێوە خەڵکی ناڕازی سەرکوت کرا و بە هەزاران کەس لە خەڵکی ناڕازی کوژران و بریندار کران.