کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نوێنەری ڕێبەری ڕێژیم: خوێندکارانی ئێرانی بڕۆنە دەرەوەی وڵات

11:30 - 19 رەشەمه 2718

کوردستان میدیا: نوێنەری ڕێبەریی ڕێژیم، لە کاروباری خوێندکارانی دەرەوەی وڵات، باسی لەوە کردووە، خوێندکارانی ئێرانی لە دەرەوەی وڵات با نەگەڕێنەوە و بەرەوڕووی شکست نەبنەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەرییەکانی سەربە ڕێژیم، "ئەبوومحەمەد مورتەزەوی"، بەرپرسی دامەزراوەی نوێنەری ڕێبەریی ڕێژیم، لە کاروباری خوێندکارانی ئێرانی لە دەرەوەی وڵات، باسی لەوە کردووە کە، "خوێندکارانی ئێرانی  لە دەرەوەی وڵات، لە نێوخۆ بە ئاسانی دەرفەتی کاریان بۆ نابێت و بەم هۆیەوە تووشی شکست و بێهیوایی دەبن بۆیە باشترە نەگەڕێنەوە بۆ ئێران".

ناوبراو هەروەها وتی: "خوێندکارانی دەرچووی زانکۆوەکانی ئێرانیش دەتوانن بڕۆن بۆ دەرەوەی وڵات و هیچ دژایەتییەک لەو بارەوە ناکرێت".

ناوبراو باسی لەوە کردووە، کە ڕێژەی کۆچکردنی خوێندکارانی ئێرانی بۆ وڵاتانی ئاسیایی بە هۆی جێگە و پێگەی زانکۆوەکانی ئەو وڵاتانە و کێشەی دابینکردنی دراو و بارودۆخی پارەی ئێران کەمی کردووە، بەڵام کۆچی خوێندکاران بۆ وڵاتی ئامریکا لە جێی خۆیدا ماوەتەوە.

بەپێی ئاماری خودی ڕێژیم، ئێران پلەی چوارەمی لە کۆچی خوێندکاران بۆ دەرەوەی وڵات هەیە و تەنیا لە ساڵی ٢٠١٨ی زایینییدا ١٢ هەزار و ٧٠٠ کەس بۆ وڵاتانی دەرەوە کۆچیان کردووە، کە لە نێوانیاندا کۆچ بۆ وڵاتی ئامریکا لە پلەی ١٢هەمدایە و هەروەها باس لەوەش کراوە، کە لە سەدا ٩٠ی خوێندکارانی ئێرانی دوای تەواوکردنی خوێندن لە وڵاتی ئامریکادا دەمێننەوە.

بارودۆخی نالەباری ئابووری و نەبوونی دەرفەتی کار و سەقەتبوونی سیستمی پەروەردەیی لە ئێراندا، هۆکارگەلێکن بۆ کۆچی خوێندکاران و بلیمەتەکانی ئێرانی بۆ وڵاتانی دەرەوە.