کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نوێنەری ڕێبەری ڕێژیم لە ورمێ فەرمانی داوە هێرش بکەنە سەر دژبەرانی ڕێژیم

16:34 - 28 بەفرانبار 2719

کوردستان میدیا: نوێنەری خامنەیی لە پارێزگای ورمێ سەرەڕای هەڕەشە لە هونەرمەندان و ئەو کەسانەی دژی ڕێژیمی ئێران لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا چالاکی دەکەن، خستنە خوارەوەی فڕۆکەی ئۆکراینیی بە ڕووداو وەسف کرد.

''مەهدی قورەیشی''، نوێنەری خامنەیی ڕێبەری ڕێژیمی ئێران لە پاڕێزگای ورمێ و پێشنوێژی هەینی لەو شارە وتوویوتی، دەبێ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا هێرش بکەینە سەر دژبەرانی ڕیژیم و ئەوان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دوور بکرێنەوە.

ناوبراو باسی لەوە کردووە، ئەمڕۆکە هەندێک لە "سێلبریتییەکان"، یەکدەنگ وێڕای دوژمن دژی بایەخەکان چالاکی دەکەن، دەبێ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا هێرشیان بکرێتە سەر.

ئەو کاربەدەستەی ڕێژیم باسی لەوەش کردووە دەبێ دژبەرانی ڕێژیم  لە دەنگ و ڕەنگی ڕێژیم دوور بکرێنەوە.

ئەو نوێنەرەی ڕێبەری ڕێژیم کردنە ئامانجی فڕۆکەی ئۆکراینی لەلایەن سپای تێرۆریستی پاسدارانی بە ڕووداو وەسف کرد.

هەروەها ناوبراو وێڕای ئەوەیکە ڕێزی لە سپای تێرۆریستی پاسداران گرت، وتی، ئەو سێلبریتییانەی کە یەکدەنگ لەگەڵ دوژمنەکان هێرش دەکەنە سەر بایەخەکان، نابێ بایەخیان پێ بدرێت.

پێشتریش، هونەرمەندانی ئێرانی کە دوای خستنەخوارەوەی فڕۆکەی ئۆکراینی لەلایەن سپای تێرۆریستی پاسدارانەوە، ناڕزایەتییان دەربڕی و وتبوویان کە لە فێستیڤاڵی فەجر بەشداری ناکەین، لەلایەن بەرپرسانی ڕێژیمەوە هەڕشەی بێبەریکردنیان لە چالاکیی هونەری لێکرابوو.