کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نوێنەرێک لە پارلمانی ئاڕژانتین: فڕۆکەکەی ئێران خەریکی سیخوڕیکردن بووە

12:30 - 23 جۆزەردان 2722

ڕۆژی یەکشەممە ٢٢ی جۆزەردان، "ژراردۆ میلمان"، ئەندامی کۆمیسیونی زانیاریی پارلمانی ئاڕژانتین بە ڕویتێرزی وتووە: "بەپێی لێکۆڵینەوەکانمان ئەو فڕۆکەیەی شیرکەتی ماهان ئەیر کە دەستی بەسەردا گیراوە، بۆ بەڕێوەبەریکردنی سیخوڕی هاتبوونە ئاڕژانتین".

"میلمان" هەروەها بەڵگەیەکی پەیوەندیدار بە وەزارەتی ئاڕژانتینی ڕادەستی ڕویتێرز کردووە و لەودا پێنج کەس لە موسافیرەکانی ئەو فڕۆکەیە بە ئێرانی و ١٤ کەسی بە خەڵکی "ڤێنێزۆئێلا" ناساندووە.

ئەو نوینەرەی پارلمانی "ئاڕژانتین" بە فەرمی داوای کردووە کە لە هەموو موسافیرەکانی ئەو فڕۆکەیە پەنجەمۆر هەڵگیرێتەوە و بدرێت بە دەزگای دادی ئەو وڵاتە. هەروەها لە تویتێری خۆیدا نووسیویەتی: "تەواوی چاوەکان ڕوو لە دەزگای دادن تاکوو بزانن چ بڕیارێکی کارامە دەدات".

لەلایەکی دیکەوە، بڵاوکراوەی هەواڵدەریی "ئیسرائیل هوم" شوناسی پێنج کەس لە بەڕێوەبەرانی فڕۆکەی ماهانی بە "محەممەد خوسرەوی عێراق، غوڵامڕەزا قاسمی، مەهدی موسڵی، سەعید وەلی زادە و عەبدولباسیت" بڵاو کردەوە.

 لە بەرامبەردا ڕێژیمی ئێران ئیدعای کردووە: "خاوەنداریەتیی ئەو فڕۆکەیە ماوەی یەک ساڵە بە ئێمە نەماوە و بە شیرکەتێکی ڤێنێزۆئێلایی فرۆشراوە".