کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نوێنەرێکی مەجلیسی ڕێژیم سووکایەتی بە سەربازێک دەکات و بە زللـە لێی دەدات

11:54 - 5 رێبەندان 2720

لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا کە لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو بووتەوە سەربازێکی پۆلیسی هاتوچۆ لە "دەروازە دەوڵەتی تاران" باس لەوە دەکات بەهۆی ئەوەیکە پێشی بە یاساشکێنی ماشێنێک گرتووە کە یەکێک سەرنەشینەکانی نوێنەرێکی مەجلسی ڕێژیم بووە لەلایەن ئەو بەناو نوێنەرەی مەجلیس سووکایەتی پێکراوە و بە زللـە لێی دراوە.

ئەو سەربازە بە ناوی ''حامید ئەکبەری'' باس لەوە دەکات ئەو ماشێنە ویستوویەتی بە بێ بەڵگە لە هێڵی تایبەت بە ئووتووبووسدا تێپەڕێت، بەڵام کاتێک پێشمان بەو یاساشکێنییە گرت ئەو نوێنەرەی مەجلیس لە ماشین دابەزیوە و هێرشی کردووتە سەرم و بە زللـە لێی داوم.

''عەلی ئەسغەری عەنابستانی'' کە بەناو نوێنەری شاری "سەبزەوار"ە، لێدان و سووکایەتی بەو سەربازە ڕەت دەکاتە و دەڵێت ئەو سووکایەتی بە من کردووە، بەڵام یەکێک لە شارومەندان ڕوو بە کامێرا دەڵێت کە شایەتحاڵی ئەو زللـەیە بووم کە لەو سەربازە درا.

لەو گرتە ڤیدیویەدا ژمارەیەک لە خەڵک کە لە تووڕەبوونیان پێوە دیارە لەو شوێنە کۆ بوونەتەوە و دەڵێن کە ئەو ماشێنەی کە سەرنشینەکەی نوێنەری مەجلیسی ڕێژیم بووە، ترافیکی و موزاحیمەتی بۆ خەڵک دروست کردووە.

ئەو بابەتە کاردانەوەیەکی زۆری لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا لێ کەوتووەتەوە و داویان کردووە کە ئەو بەناو نوێنەرە دەست لە کار بکێشێتەوە و بەهۆی ئەو سەرپێچییە لێپرسینەوەی لێ بکرێت.

ئەمە یەکەم جار نییە کە هەڵسوکەوتی نوێنەرانی مەجلیسی ڕێژیم لەگەڵ فەرمانبەران، هەواڵنێران و یان کەسانی دیکە دەنگ دەداتەوە بەڵکوو دەیان جار هاتووەتە ئاراوە، بەڵام بەدواداچوونێکی یاسایی بۆ نەکراوە و بە میدیایی نەکراوە.