کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نوێنەرێکی مەجلیسی ڕێژیم وتوویەتی، ئێران زۆرترین ڕێژەی داخورانی خاکی لە جیهاندا هەیە

11:17 - 19 سەرماوەز 2720

''پەرویز ئەوسەتی'' بەناو نوێنەری خەڵکی قوروە و دێولان و ئەندامی کۆمیسیۆنی کشتوکاڵی مەجلیسی ڕێژیمی ئێران، ڕۆژی سێشەمە ١٨ی سەرماوەز کە لەگەڵ کۆمەڵێک لە بەرپرسانی پارێزگای سنە سەردانی گەڵاڵەی ئاوخیزداریی قوروەی کردووە وتوویەتی: ''لە ئێستادا ڕێژەی داخورانی خاک لە ئێران هەشت بەرابەری نێونجی جیهانییە و ئێران لەوبارەوە پلەی یەکەمی جیهانی هەیە''.

''ئەوسەتی'' باسی لەوە کردووە، لە دەیەی ٥٠ هەتا ٩٠ی هەتاوی ڕێژەی داخورانی خاک لە ئێران لە یەک میلیارد تۆنەوە بۆ ٢.٢ میلیارد تۆن بەرز بووەتەوە و ئەمە سەرمایەیەکی گەورەیە کە لەدەستی دەدەین.

ناوبراو باسی لەوەش کردووە کە بەپێی بەراوردەکانی ''فائۆ'' بایەخی ئەو خاکەی کە لەدەست دەچێت، ١٤.٥ لەسەدی بایەخی بەرهەمهێنانی ناپاڵێوراوی نێوخۆییە.

ئەو بەناو نوێنەرە لە حاڵێکدا گەڵالەی ئاوخیزداری وەکوو سادەترین و باشترین ڕێکار بۆ پێشگرتن و دابەزینی داخورانی خاک زانیوە کە ئەم ڕێکارانە هیچکات بە کردەیی نەکراون و لە قاڵبی دروشمدا ماونەتەوە.

چەندین ساڵە کارناسان و چالاکانی بواری ژینگە بەنیسبەت بەرزبوونەوەی داخورانی خاک لە ئێران هۆشداری دەدەن، بەڵام بەرپرسانی ڕێژیم هیچکات گرینگییان بەو بابەتە نەداوە.