کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نوێنەرە دەستنیشانکراوەکانی ڕێژیم لە کوردستان دەنگیان بە داخرانی ئەپەکانی قسەکردن دا

19:05 - 8 گەلاوێژ 2721

نوێنەرەکانی دەستنیشانکراوی خولی یازدەهەمی مەجلیسی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بە ١٢١ دەنگی ئەرێنی داوایان کردووە گەڵاڵەی ''پاراستنی مافی بەکارهێنەران لە دونیای خوازەکی و ڕێکخستنی پەیامنێرە کۆمەڵایەتییەکان'' پەسند بکرێت.

بەپێی ئەو گەڵالەیە سەرجەم تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان فیلتێر ناکرێن بەڵکوو بە گشتی ئەپەکانی قسەکردن دادەخرێن و کەسێکیش بیهەوێ کەڵک لە فیلتێرشکێن وەربگرێ دەبێ ناونوووسی بۆ بکات.

چالاکانی سیاسی، مەدەنی، فەرهەنگی و زۆرینەی خەڵک ئەو گەڵاڵەیە بە زیندان بۆ خەڵک وەسف دەکەن.

بەپێی زانیارییەکان سەرجەم ٢٢ نوێنەری کوردی دەستنیشانکراوی ڕێژیم لە مەجلیس دەنگیان بەو گەڵاڵەیە داوە.

ناوی ئەو نوێنەرانەی ڕێژیم کە دەنگیان بەو گەڵاڵەیە داوە بریتین لە: "ئەنوەر حەبیب زادە بۆکانی، عەلی زەنجانی حەسەنلوویی، موجتەبا بەخشی پوور، سەید جەواد حوسێنیی کیا، محەممەد ڕەشیدی، عەلی ڕەزایی، عەبدولڕەزا میسری، عەلی ئەکبەر بەستامی، شەهریار حەیدەری، سەید مەهدی فەرشادان، عەلیڕەزا زەندیان، پەرویز ئەوسەتی و مەهدی عیسا زادە".

چوار نوێنەریش دەنگی نەرێنیان داوە و پێنج کەسیش لە کاتی دەنگدان ئامادە نەبوونە.

دوای پەسندکردنی ئەو گەڵاڵەیە و دژکردەوەکان بەشێک لەو نوێنەرانەی ڕێژیمی ئێران لە مەجلیس کە کوردن، بۆ پاکانەی خۆیان بە شێوەی جۆراجۆر پەیامی ڤیدیۆیی و نووسراوەیان بڵاو کردووەتەوە کە دەنگیان بەو گەڵاڵەیە نەداوە یا لە مەجلیس نەبوونە.

ئەو نوێنەرانەی ڕێژیمی ئێران پێش لە هەڵبژاردنەکان لە کوردستان باسیان لە خزمەتگوزاری بە خەڵک دەکرد بەڵام ئەو کەسانە تەنیا خزمەت بە ڕێژیمی ئێران دەکەن.

خەڵک داوایان کردووە دەبێ ئەو کەسانە وڵامدەری کاری خۆیان بن.