کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نۆروێژ: ڕێژیمی ئێران دەستی لە تەقاندنەوەی دوو نەوتکێشەکەدا هەبووە

12:03 - 27 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: وڵاتی نۆروێژ، ڕێژیمی ئێرانی بە ئەنجامدانی تەقینەوەی نەوتکێشەکان تاوانبار کرد.

شیرکەتی بیمەی نۆروێژ لە تویتێکدا، ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانی بە ئەنجامدەری تەقاندنەوەی دوو نەوتکێشەکە زانیوە و نووسیویەتی: "شیرکەتی بیمەی نۆروێژ ڕێژیمی ئێران بە تاوانباری ئەنجامدانی تەقاندنەوەی دوو نەوتکێشەکە دەزانێت. بەپێی لێکۆڵینەوەکانمان، بۆ تەقاندنەوەی ئەم کەشتییانە، لە مووشەکی دژە کەشتی، لە جێی مین کەڵک وەرگیراوە".

هەروەها "ئەینە ئەریکسن سرید"، ڕایگەیاندووە: "ئیدارەی دەریایی نوروێژ، هۆشداری بە هەموو کەشتییە نۆروێژییەکان داوە کە لە ئاوەکانی ژێر دەسەڵاتی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، خۆیان دوور ڕابگرن".

هەر لەم ڕاستایەدا و دوای تاوانبارکردنی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بە ئەنجامدانی تەقاندنەوەی دوو کەشتییە نەوتکێشەکە لە لایەن چەند وڵاتێکەوە، "عەلی لاریجانی"، بەرپرسی مەجلیسی شۆرای ڕێژیمی ئێران، ڕۆژی یەکشەممە، ٢٦ی جۆزەردان، لە دانیشتنی شۆرای مەجلیسی ڕێژیمدا، ئامریکای بە بکەری تەقاندنەوەی کەشتییە نەوتکێشەکان زانیوە و وتوویەتی: "وێدەچێت کە ئەم کارانە تەواوکەری گەمارۆ ئابوورییەکان بن".

"تام کاتێن"، سێناتۆری ئامریکا لە حیزبی کۆماریخوازەکاندا، لەبارەی ئەم هێرشانەوە ڕایگەیاندووە: "٤٠ ساڵە کە ڕێژیمی ئێران لەم چەشنە کارانە ئەنجام دەدات. جەخت لەوە دەکەمەوە کە ئەم هێرشانەی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر هێڵە کەشتیوانییە نانیزامییەکان، کاردانەوەی نیزامی، لە بەرامبەریاندا مەشروع دەکات".

ڕۆژی پێنجشەممە، ڕێکەوتی ٢٣ی جۆزەردان، دوو نەوتکێش لە دەریای عوماندا کرانە ئامانج و تەقێنرانەوە. دوابەدوای ڕوودانی ئەم تەقینەوانە، دەوڵەتی ئامریکا بە بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆیەکی بەلەمێکی سپای تێرۆریستی پاسداران لە کاتی لێکردنەوەی مینێکی نەتەقیو لە یەکێک لە کەشتییە تەقێنراوەکان، ڕێژیمی ئێرانی بە تاوانبار زانی و دوابەدواش دەوڵەتی بریتانیا پشتیوانیی لە قسەکانی ئامریکا کرد و قامکی تۆمەتی بۆ ڕێژیمی ئێران درێژ کرد.