
"فەریبۆرز کەرەمی" بەڕێوەبەری گشتیی ڕێگاوبان و ڕاگواستنەوەی جادەکانی پارێزگای کرماشان وتوویەتی: "لە ئەگەری ئەوەیکە تەواوی بودجەی پارێزگا بۆ بەشی ئیدارەی ڕێگاوبان تەرخان بکرێت دیسانیش ناتوانین تەواوی ڕێگاکانی پارێزگا ڕووکێش بکەینەوە".
"کەرەمی" وتوویەتی، لە ٨ هەزار کیلۆمیتر ڕێگاکانی پارێزگای کرماشان ٢٧٠٠ کیلۆمیتری خاکییە و بۆ دروستکردنی کیلۆمیترێک ڕێگا پێنج هەتا شەش میلیارد تمەن پارە پێویستە و ڕووکێشی کیلۆمیترێکیش لانیکەم میلیاردێک پارە هەڵدەگرێت.
ناوبراو لە درێژەدا وتوویەتی، لە ئێستادا ١٠٢ شوێنی ڕووداوساز لە ڕێگاکانی پارێزگادا بوونیان هەیە کە ٦٦ شوێنیان زۆر مەترسیدارن و شوێنەکانی دیکەش ئەگەری ڕووداوی هاتوچۆیان لەسەرە.
لە ماوەی هەشت مانگی یەکەمی ئەمساڵدا ڕێژەی هاتوچۆ لە ڕێگاوبانەکانی پارێزگای کرماشان بە ڕێژەیەکی بەرچاو زیادی کردووە و بەهۆی بوونی شوێنە ڕووداوسازەکان و کەمترەرخەمیی بەرپرسانی پەیوەندیدار لەمەڕ دروستکردنی ئەو شوێنانە، هاووڵاتییان خەسارێکی زۆریان بەرکەوتووە.