کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نیشانەکانی ڕەفتاریی ڕێژیمی ئیسلامی لە سەقز

12:21 - 16 سەرماوەز 2719

سندووس

هاتنەئارای ڕووداوگەلی نەخوازراو و خولقانی کارەساتی جەرگبڕ، لە هەموو شوێنێک لەم جیهانەدا بوونی هەیە، بەڵام هەوڵدان بۆ دابەزاندنی ڕێژەی هەڵە و هەڵکێشانی بواریی ئەمنی شوێنە گشتییەکان نیشانەی بایخدانە بە ژیانی مرۆڤ و لە زاتی خۆیدا ئەرکی شارستاییەتیش هەر ئەوەیە کە مرۆڤ لە بەڵا سروشتی و ناسروشتییەکان بپارێزێت، بۆ وێنە سۆنامی، هەردهەژێن، لافاو، سەفەر بەفڕۆکە و ڕووداوگەلی وەک پێکدادانی ماشین، ئاگرکەوتنەوە و... هتد، ئەو ڕووداوانەن کە مرۆڤ بە پێشبینی کردن و هەڵکشانی ئاستی ئەمنی، دەتوانێت لە زۆریی خەسارەکانی کەم کاتەوە.

لە ماوەی تمەنی ڕێژیمی ئیسلامیدا و لەو شوێنانەی ویستوویە پیلانە چەپەڵەکانی جێبەجێ بکات و لەگەڵ گرفت بەرەوڕوو بووە، هەوڵی داوە کە بە خولڵقاندنی کارەساتی دەستکرد ڕای گشتی بەلاڕێدا بەرێ و سۆز و ئیحساسی کۆمەڵانی خەڵک پەلکێشی شتی دەستکردی خۆی بکا.ت

ساڵی ۱۳٦۷ی هەتاوی و دوای جامی ژارخواردنەوەی خومەینی و پەسندی بڕیارنامەی ٥۹٨ی ئەنجومەنی ئاسایش و فەرمانی قەڵاچۆی زیندانییانی سیاسی لە چاڵەڕەشەکانی ڕێژیمی ئیسلامی بە دەستووری شەخسی خومەینی، بۆ ئەوەی ڕای گشتیی جیهان و ناوچە لەسەر لێکدانەوەی دۆخی نالەباری ئێران لابچێت، خومەینی فتوای کوشتنی سەلمان ڕوشدی دەکرد، ئەویش بە تۆمەتی نووسینی ڕۆمانی ئایاتی شەیتانی! ئێستاشی لەگەڵ بێت کەس نەیزانی خومەینی کەی ئەو ڕۆمانە پۆست مۆدێڕنەی خوێندووەتەوە و هەستی بەوە کردووە کە بێڕێزی بە حەزرەتی محەممەد (د.خ) و بنەماڵەکەی تێدایە؟ بەڵام بۆ شرۆڤەکارانی سیاسی ئەوە ڕوون بوو کە فتوای کوشتنی سەلمان ڕوشدی تەنیا بەهانەیەک بوو تا دونیا و ڕاگەیەنەرەگشتییەکان و... چیتر لەنگەر لەسەر بارودۆخی شپرزەی ئێران و لێکدانەوەی کوشت و بڕی زیندانییانی سیاسی نەگرن و باسی یەکەمی لێکدانەوەکان، لابچێت بۆ سەر فتوای کوشتنی سەلمان ڕوشدی.

ساڵی ۱۳۷۳ی هەتاوی دوای ئەوەیکە ئیران کەوتبووە ژێر گەمارۆی ئابوورییەوە و بارودۆخی سیاسی و ئابووریی وڵات لە سایەی بێکیفایەتیی کاربەدەستانی ڕێژیمی ئیسلامییەوە شپڕێو و وێران کرابوو، دیسان بۆ ئەوەی ڕای گشتی پەلکێشی پرسە لاوەکییەکان بکەن، دەستیان دایە دانانەوەی بۆمب لەنێو مەرقەدی ئیمام ڕەزا لە مەشەهد و بەم کارە دەیان کەسیان خەڵتانی خوێن کرد و دیسان هەست و سۆزی باوەڕمەندانی ئایینییان ورووژاند و کڵکاژۆی نەرێنی لە باوەڕی مەزهەبیی کۆمەڵانی خەڵک وەرگیرا.

لە سایەی بوونی فەزای مەجازی و گوشیی زیرەک و مانیتۆری کامێرای شاراوەوە، لە ماوەی ناڕەزایەتییەکانی خەڵک، لە مانگی خەزەڵوەری ئەمساڵدا بینیمان کە هێزە ئینتزامی و لیباس شەخسی و پاسدارە کۆنەپەرستەکانی ڕێژیمی ئیسلامی، دەیان ماشین و کەلوپەلی خەڵکی بێتاوانیان شکاند و لەنێو برد تا بە ڕواڵەت نیشان بدەن کە ئەوە ئاژاوەگێڕانن ئاوا هێرش دەکەنە سەر مڵک و سامانی گشتی و تاکی، بەڵام ئەم پیلانەی ڕێژیم جۆرێک هەڵگەڕانەوەی مانایی لێکەوتەوە و ڕێک پێچەوانەکەی وەڕاست گەڕا و خەڵک زیاتر ماهییەتی ئەم سیستمەیان بۆ دەرکەوت.

دوای ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییانە، کوردستان وەک سەنگەری لەگیران نەهاتووی ئازادی و وەک نووکی پێکانی کۆنەپەرستی ڕێژیمی ئیسلامی ئەوەندە جوان و ڕێکخراو و سیاسی دەرکەوت کە خودی کاربەدەستانی ڕێژیمی ئیسلامی تووشی شۆک و سەرسامی هاتن، هەر بۆیە بەتوندی بەگژیدا چوونەوە و وەکوو ناوچە، زیاترین شەهیدی بەرکەوتووە و زیاترین خوێنی لێ ڕژاوە، ڕەش بگیرێکی زۆری لێکراوە و ئێستاش لێی دەکرێت، بە باوەڕی من ئەژدهای خوێنخۆری ڕێژیمی ئیسلامی زۆر لەوەی تینووترە تەنیا بەوەندە خوێنەی کوردستان بحەجمێ و کەلەکەی ڕەحەوشێ کەوێ، هەر بۆیە کەوتە پیلانگێڕی دیارە بە چەند هۆی سەرەکی:

۱-  ئەژدهای خوێن خۆری داسکنێنێ

۲-  ئەو هەموو ڕەشبگیرییەی دەیکات بە جۆرێک بیشارێتەوە و نەبێ بە مانیشێتی یەکەمی کۆمەڵانی خەڵک

۳-  دیسان خەڵک دەرگیری بابەتگەلی لاوەکی بکات و خۆشی خەریکی پیلانگێڕییەکانی خۆی بێت.

نیشانەکانی وەک:

ئەلف) گاز نەتەقیوەتەوە، تەنیا شلەنگ هاتووەتە دەر و ئاگری گرتووە.

ب) شوێنەکە کەپسوولی ئۆکسێژنی لێ نەبووە.

پ) لامپەکان کووژاونەتەوە و خەڵک بەرپێیان کەوتوون.

ج) پڕوپاگەندە و شایعەسازی بۆ ئەوەیکە کەپسوول دەتەقێتەوە و...

پێمان دەڵێن ئەم کارەساتە دەستێکی لە پشتە و ئەو دەستەش تەنیا دەتوانێت ڕێژیمی ئیسلامی بێت.

ئەوانەی لە سەرەوە، وەک پیلانگێڕی ڕێژیمی ئیسلامی ئاماژەیان پێکرا، مشتێ بوون لە هەشتێ - ی ئەو هەموو داوانەی کاربەدەستانی ئەم سیستمە کۆنەپەرستە بۆ کۆمەڵانی خەڵکی ناویانەتەوە، ئێمە چاک دەزانین ڕێژیمی ئیسلامی وەستای فێڵ و تەڵەکە و سازکردنی قەیرانە، قەیرانگەلێک کە سازیان دەکات تا خۆی دەربازی بێت.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە ڕا و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.