کوردستان میدیا: ناوەندە فەرهەنگی و ئەدەبییەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بۆ منداڵانی بوومەلەرزەلێدراوی کرماشان، کتێب و پێداویستییان دابین کردووە.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ناوەندە فەرهەنگی و ئەدەبییەکانی پاوە، جوانڕۆ و نۆریاو، لە هەڵمەتێکدا لەژێر ناوی "نیشتمان بێتاقەتی کایەتانە"؛ کتێب و پێداویستیی نووسینیان بەسەر منداڵانی ناوچە بوومەلەرزەلێدراوەکاندا دابەش کرد.
لەسەر ئەو دەفتەرانەی کە بەسەر منداڵانی ناوچە بوومەلەرزەلێدراوەکاندا دابەش کراون، ناوی شەهیدانی ژینگەی کوردستان نووسرابوو و یاد و ناویان بەرز ڕاگیرابوو.
ڕۆژی شەممە، ٣ی خەرمانانی ١٣٩٧ی هەتاوی، ٤ چالاکی ژینگەپارێزیی خەڵکی شاری مەریوان، به ناوەکانی "شەریف باجوەر، ئومید کۆنەپۆشی، ڕەحمەت حەکیمینیا و محەممەد پەژووهی" لە کاتی کوژاندنەوەی ئاگری دارستانەکانی مەریوان، گیانیان لە دەست دا.
لەو ڕووداوەدا هاوکات ٦ کەسی دیکەش بە سەختی بریندار بوون.
لە دوای گیانلەدەستدانی ئەو ٤ ژینگەپارێزەی کوردستان، خەڵکی کوردستان، ناوەندە فەرهەنگییەکان، ئەنجوومەنە ئەدەبییەکان و ئەنجوومەنە ژینگەپارێزەکان، بۆ ڕێزگرتن لە کار و تێکۆشانی شەهیدانی ژینگەی کوردستان چالاکیی جۆراوجۆریان بەڕێوە بردووە.