کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نیوزویک: بۆ بەرەنگاری لەگەڵ ڕێژیمی ئێران دەبێ ئۆکسیژێنی ماڵیی تاران بپچڕێت

12:13 - 12 خەرمانان 2720

''جیکووب نیجێل'' لە ئەندامانی باڵای دامەزراوەی "داکۆکی لە دێموکراسییەکان'' (FDD) و ''مارک دۆبۆیتێز'' بەرپرسی ئەو دامەزراوەیە لە وتارێکدا کە لە ماڵپەڕی ''نیوزویک'' بڵاو بووەتەوە، بۆ بەرەنگاری لەگەڵ هەڕەشە ئەتۆمییەکانی ڕێژیمی ئێران توندترین گوشاری ماڵییان بۆ سەر تاران پێشنیار داوە.

لە پێشەکیی ئەو وتارەدا هاتووە، ماوەی دوو مانگ بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرکۆماریی ئامریکا کات ماوە کە بۆ ڕووبەڕووبوونەوە دژی ڕێژیمی ئێران و زێدەخوازییە ناوکی و ناوچەییەکانی زۆر گرینگە.

دەوڵەتی ئامریکا دەبێ بەخێرایی کۆی سەرچاوە ماڵییەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بخاتە ''لیستی ڕەشـ''ـەوە  و ئەو١٣ بانکە ئێرانییەی کە لە پەیوەندییە جیهانییە بانکییەکاندا ماون، لەو سیستمەدا دەربهێنێت و تەنیا کاناڵێک بۆ پێوەندییە بازرگانییە مرۆڤدۆستانەکان بهێڵێتەوە. ئەم کارە ئۆکسیژێنی ماڵیی تاران دەپچڕێنێت و ناڕەزایەتی و مانگرتنەکان دژی ڕێژیمی ئێران پەرە پێدەدات.

لەو وتارەدا هاتووە، هەوڵەکانی پێشوو بۆ ڕاگرتنی بەرنامەی ناوکیی ڕێژیمی ئێران بەو ئاکامە گەیشت کە لە کۆتایی دەورەی سەرکۆماریی ''باراک ئۆباما''دا میلیاردها دۆلار پارە گەیشتە بەر دەستی ڕێژیمی ئێران و چالاکیی ناوکیی ڕێژیم بە فەرمی ناسێندرا و هەڵوەشاندەنەوەی گەمارۆوە چەکوچۆڵییەکانی سەر ڕێژیمی ئێران بەو ڕێککەوتنە پێوەند درا.

ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ساڵی ٢٠١٥ ڕێگای بە ڕێژیمی ئێران دا هەتا بە نهێنی سانتریفیووژی پێشکەوتوو بەکار بێنێت و و لە ئێستادا زیاتر لە ڕابردوو دەستپێڕاگەیشتنی بە چەکوچۆڵی ئەتۆمی و مووشەکی هەیە.

لە کۆتایی ئەو وتارەدا هاتووە کە لە ڕێککەوتنی نوێدا دەبێ بەردەوام ڕێگای دەسپێڕاگەیشتنی ئێران بە چەکی ناوکی دابخرێت و دەوڵەتی ''ترامپ'' و تیمی  ''جۆ بایدێن'' سەرەڕای ئەوەی کە لەبارەی ئێران ناکۆکیی سیاسییان هەیە، دەبێ لە هەڵەکانی ڕابردوو پەند وەربگرن و سیاسەتێکی بەهێزتر لەسەر ئێران دابڕێژن، هەتا توانایی مووشەکی و دەسپێڕاگەیشتنی ئێران بە چەکی ناوکی سنووردار بکرێت.