کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نیوویوورک تایمز: ئامریکا بۆ هەڵوەشاندنەوەی بەرنامەی مووشەکیی ڕێژیم گەڵاڵەی نهێنی هەیە

10:45 - 25 رێبەندان 2718

کوردستان میدیا: ئامریکا گەڵاڵەی نهێنیی ڕێکخراوی "سی.ئای.ئەی"، بۆ هەڵوەشاندنەوەی بەرنامەی مووشەکیی ڕێژیمی ئێران خێراتر دەکاتەوە.

ڕۆژنامەی نیوویوورک تایمز، ڕۆژی ٢٣ی ڕێبەندان، لە زاری ٦ بەرپرسی پێشوو و ئێستەی ئامریکا، نووسیەتی: دانڵد ترامپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، گەڵاڵەیەکی نهێنیی ئەمنییەتی ـ نیزامی، کە لە سەردەمی جۆرج دەبلیوو بووشەوە بۆ هەڵوەشاندنەوەی بەرنامەی مووشەکیی ڕێژیمی ئێران دانراوە، قۆناغی جێبەجێکردنەکەی خێراتر دەکاتەوە.

نیوویوورک تایمز، پاش ئەوەی کە بەشێکی زۆر لە بەرنامە مووشەکییەکانی ڕێژیمی ئێران، تووشی شکست هاتن، بۆ هۆکاری ئەم سەرنەکەوتنانە دەچێتە لای ٦ بەرپرسی ئێستە و پێشووی ئامریکا و ئاگادار دەبێتەوە کە گەڵاڵەیەک بۆ هەڵوەشاندنەوەی بەرنامەی مووشەکیی ڕێژیمی ئێران لە ئارادا بووە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، لە سەردەمی دەوڵەتی جۆرج دەبلیوو بۆشی کوڕدا، ڕێکخراوەی سی.ئای.ئەی، دوو گەڵاڵەی بۆ هەڵوەشاندنەوەی بەرنامەی ناوکیی و مووشەکیی ڕێژیمی ئێران دەست پێ کرد، کە هەر دوو گەڵاڵەکە هەتا سەردەمی ئۆباما و هەتا ساڵی ٢٠١٧دا درێژەی هەبوو و کاتێک کە دانڵد ترامپ، مایک پۆمپێئۆی وەکوو سەرۆکی ئەم ڕێکخراوەیە هەڵبژارد، سەرچاوەی زیاتری بۆ خێراترکردنی ئەم گەڵاڵەیە لە ڕادەستی کرد.

بەپێی ئەم گەڵاڵە نهێنییە، زانیاری و کەرەستەی هەوافەزایی کێشەداری بە ڕێژیمی ئێران فرۆشراوە، بەرپرسانی ئامریکا وتوویانە: کێشە سازکردن لە ڕەوتی بەرنامەی مووشەکیی ڕێژیمی ئێران، کارێکی ئەستەم نەبووە، تەنیا لە ئاستی زانیاری هەڵەدان لەسەر سازکردنی ڕۆچنەی گواستنەوە، ئاڵوگۆڕێکی چووکە لە بەشێکی ماتۆڕ یان پێکهاتەی ئاراستەکردن و گۆڕینی مادەی ئالیاژ بۆ سازکردنی باڵەکانی هاویشتن بوو، کە بۆ خۆڕاگریی ئایرۆدینامیکی گرنگە.

نیوویوورک تایمز، لەسەر هاویشتنی مووشەکی ماهوارەی پەیام بۆ جەغزی زەوی نووسیویەتی: ٦٧ لەسەدی هاویشتنی مووشەکەکانی ڕێژیمی ئێران لە ١١ ساڵی ڕابردوودا بۆ فەزا ناسەرکەوتوو بوون، ئەم ناسەرکەوتنانە لەگەڵ ناسەرکەوتوویی وڵاتانی دیکە بەراورد کراون، کە ناسەرکەوتوویی ڕێژیمی ئێران زۆر زەق و بەرچاوە، چونکە نێونجیی ناسەرکەوتنی هاویشتنی مووشەکە فەزاییەکان لە جیهاندا ٥ لەسەدە.

ڕێژیمی ئێران کە ساڵانێکە بانگەشەی ئەوە دەکات و داهاتی ئەو وڵاتە بەفێڕۆ دەدات و خۆی هەڵدەکێشێت کە لە بواری تێکنۆلۆژیی و زانستی نیزامی و ناوکیدا دەسکەوتی بەرچاوی هەبووە، لە وەها ڕاپۆرتێکدا بەپێی زانیاری باوەڕپێکراو دەر دەکەوێت، کە نەک تەنیا دەسکەوتی نەبووە، بەڵکوو دۆڕاوە و خەڵکی بێدەرتانی ئێران دەبێت بە هۆی هەڵە و سەرەڕۆییەکانی ئەو ڕێژیمە، ژیانیان ڕۆژ لەدوای ڕۆژ تاڵتر بێت.