کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نیویوورک تایمز: نیگەرانی لە ئەگەری هێرشە سایبرییەکانی ڕێژیم ئێران لە ئامریکا و ئیسرائیلدا

19:07 - 23 بانەمەڕ 2718

کوردستان میدیا: ڕۆژنامەی نیویوورک تایمز، لە ڕاپۆرتێکدا باسی لەوە کردووە، کە پاش هاتنەدەرەوەی ئامریکا لە بەرجام، نیگەرانییەکان لە ئامریکا و ئیسرائیل، بە هۆی ئەگەری هێرشە سایبرییەکانی ڕێژیم زیادی کردووە.

بەپێی ڕاپۆرتێک کە ڕۆژی هەینی ٢١ی بانەمەڕ لە نیویوورک تایمز بڵاو بووەوە، کارناسانی ئەمنییەتیی سایبری لە ئامریکا و ئیسرائیل نیگەرانی ئەوەن، کە پاش هاتنەدەرەوەی ئامریکا لە بەرجام، ئەگەری هێرشی سایبری لە لایەن ڕێژیمەوە لە فەزای ئینترنێتی زیاتر بووە.

هەر بەم بۆنەوە، لە یەک حەوتووی ڕابردووەوە، بەشی ئەمنییەتی سایبری لە وەزارەتی بەرگریی ئامریکا و بەشی زانیاریی سایبری لە ئیسرائیل، قەرەباڵغی و چالاکیی ئینترنێتی لە نێوخۆی ئێران بۆ دەرەوەیان، بەتوندی خستووەتە ژێر چاوەدێرییەوە. 

ڕۆژنامەی نیویوورک تایمز، هەر لەم پێوەندییەدا باسی لەوە کردووە، توێژەرانی کومپانیایەکی ئەمنییەتیی ئامریکا هۆشدارییان داوە، چەند کاتژمێرێک پاش ئەوەی کە لە ڕێکەوتی ١٨ی بانەمەڕ "سێشەممەی ڕابردوو"، دانڵد ترامپ بە فەرمی ڕایگەیاند، کە لە ڕێککەوتننامەی بەرجام دەچێتە دەرەوە و ئابڵۆقەکانی سەر ڕێژیمی ئێران دەست پێ دەکرێتەوە، چالاکییە سایبرییەکانی ئەو ڕێژیمە ئاڵوگۆڕێکی بەرچاویان بە سەردا هاتووە.

هەکێرە سایبرییەکانی ڕێژیمی ئێران لەم پێوەندییەدا، ئیمەیلی بەدئامرازیان بۆ هێندێ لە دیپلۆماتەکانی ئامریکا و فەرمانبەرانی کومپانیا موخابراتییەکانی ئەو وڵاتە بە مەبەستی دزەکردنیان بۆ نێو کامپیوتر و سیستمی ئەو کەسانە ناردووە.

ئەم جۆرە چالاکییانە لە لایەن هەکێرەکانی ڕێژیمەوە، شتێکی تازە نییە، پێشتریش چەندین جار ئامریکا و وڵاتانی ئورووپایی لەم بارەوە هۆشدارییان داوە، کە لە لایەن هەکێرەکانی ڕێژیمەوە هێرش دەکرێتە سەریان و هەوڵی دزەکردن بۆ نێو سیستمەکانیان دەدرێت.