کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نیویۆرک تایمز: ڕێککەوتنی بەرجام گشتگیر نەبێت هیچ ئاکامێکی نییە

19:13 - 20 بانەمەڕ 2721

"ئانتۆنی بلینکێن" وەزیری کاروباری دەرەوەی ئامریکا باسی لە ڕێککەوتنێکی بەهێز و درێژماوەتر کردووە بەڵام ڕۆژنامەی " نیویۆرک تایمز" بڵاوی کردووەتەوە ئەو ئامانجە دوور لە چاوڕوانییە.

ماوەی پێنج حەوتوویە لە ڤییەن دانوستانەکانی نێوان ئێران و ئامریکا درێژەی هەیە و دوو لایەن بەو ئاکامە گەیشتوون ڕێککەوتنی پێشوو هیچ قازانجێکی بۆ دوو لایەن نەماوە.

ڕێژیمی ئێران دەیهەوێت کەرەستەی پێشکەوتووی بەرهەمهێنانی سووتەمەنیی ناوکی کە دوای چوونەدەرەوەی ترامپ لە بەرجام وەگەڕیخست لە دەستی نەدات. هاوکات ڕێژیمی ئێران دەیهەوێ بە پشتبەستن بە یاسا نێودەوڵەتییەکان زیاتر لە بەرجام هەنگاو هەڵبگرێت.

دەوڵەتی "بایدن" دەیهەوێ بۆ بەرجام بگەڕێتەوە و ڕێککەوتنێک لەبارەی بەرنامەی مووشەکی و پشتیوانیی تاران لە تێرۆریزم واژۆ بکات هەتا بتوانێت پێش بە بەدەستهێنانی چەکی ناوکی لە ئێڕان بگرێت

ڕێژیمی ئێران لەگەڵ ئەو داواکارییەی ئامریکا دژایەتی هەیە.

ئامریکا دەیهەوێ ڕێککەوتنێکی گەورەتر لە بەرجام واژۆ بکات. بەڵام ئێران تەنانەت ئامادە نییە لەبارەی ڕێککەوتنی گەورەتر دانوستان بکات و بەرپرسێکی ئامریکاییش وتوویەتی هەتا ئێستا هەر دیار نییە ئایا ئێران دەیهەوێ بگەڕێتەوە بەرجام یا نا.

ئێران داوا دەکات سەرجەم گەمارۆ ئابوورییەکان لابچێت و ئامریکا ئەو داواکارییەی ڕەت کردووەتەوە.

"دانڵد ترامپ" سەرکۆماری پێشووی ئامریکا بۆ پێشگرتن لە ڕێککەوتنی بەرجام ١٥٠٠ گەمارۆ دژی ئێران پەسند کرد.

ئەو گەمارۆ ئابوورییانە لە سێ گرووپدا پەسند کراون "کەسک، زەرد و سوور".

گەمارۆی بەشی کەسک هەڵدەگیرێت؛ زەرد دەبێ وتووێژی لەسەر بکرێ و سوور وەک خۆی دەمێنێتەوە.

هەتا ئێستا ڕوون نییە ئامریکا و ئێران لەبارەی بەرجامەوە بە ڕێککەوتنێکی ناوکی دەگەن.