کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نیۆیۆرک تایمز: ئیسرائیل بە ئامریکای ڕاگەیاندووە کە پاسدار خودایی کوشتووە

12:22 - 5 جۆزەردان 2722

ڕۆژنامەی ''نیۆیۆرک تایمز'' لە زاری بەرپرسێکی ئەمنییەتی باسی لەوە کردووە کە ئیسرائیل بە ئامریکای وتووە کە ئەو وڵاتە لە کوشتنی پاسداری تێرۆریست ''حەسەن سەیاد خودایی'' دەستی هەبووە.

بەپێی ڕاپۆرتی ئەو ڕۆژنامەیە کە ڕۆژی چوارشەممە ٤ی جۆزەردان بڵاو بووەتەوە، هاتووە کە بەرپرسانی ئیسرائیل بە ئامریکاییەکانیان وتووە کە ئەو هەوڵە هۆشدارییەک بە ڕێژیمی ئێران بووە هەتا عەمەلیاتەکانی گرووپێکی نهێنی لە لقی قودسی سپای پاسداران کە وەکوو یەکەی ٨٤٠ ناوی لێ دەبرێت، ڕابگرێت.

نیۆیۆرک تایمز لە زاری بەرپرسانی دەوڵەتی، نیزامی و ئەمنییەتی نووسیویەتی" ''ئەرکی یەکەی ٨٤٠، ڕفاندن و تێرۆری کەسانی بیانی لە سەرتاسەری جیهان یەک لەوان شارۆمەندان و بەرپرسانی ئیسرائیلییە''.

ئەو ڕاپۆرتە بەبێ ناو‌‌هێنانی ''حەسەن سەیاد خودایی'' نووسیویەتی: ''ناوبراو جێنشینی فەرماندەی یەکەی ٨٤٠ی سپای قودس بوو و لە داڕشتنی پیلانەکانی ڕێژیمی ئێران لە وڵاتانی درەوە دژی ئیسرائیلییەکان و کەسانی بیانی ڕۆڵی هەبووە''.

 پاسدار ''حەسەن سەیاد خودایی'' ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە ١ی جۆزەردانی ١٤٠١ی هەتاوی لە شەقامی ''موجاهیدینی ئیسلام'' لە تاران بە ٥ گولـلە کوژرا و بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران لە کاردانەوەدا وتوویانە کە تۆڵەی قورس دەکەنەوە.