کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نیویۆرک پۆست: لاوازیی بایدن لە بەرابەر ڕێژیمی ئێراندا، هەڵگیرسانی شەڕی لێ دەکەوەێتەوە

11:35 - 7 رێبەندان 2721

ڕۆژنامەی ''نیویۆرک پۆست'' نووسیویەتی، کشانەوەی ''ڕیچارد نفیوو'' جێگری نوێنەری تایبەتی ئامریکا لە کاروباری ئێران و دوو دیپلۆماتی دیکە لە وتووێژەکانی ناوکیی بۆ ژیاندنەوەی ڕێککەوتنی بەرجام، نیشانەیەکی مەترسیدارە لە وتووێژەکانی ئێران و سیاسەتی دەرەوەی ئامریکا کە ئەگەری هەیە شەڕی لێ بکەوێتەوە.

''ڕیچاد نفیوو'' و هاوکارەکانی لەگەڵ ''ڕابرت ماڵی'' نوێنەری تایبەتی دەوڵەتی بایدن لە کاروباری ئێران لەسەر شێوە و ڕێژەی گەمارۆکان دژی ڕێژیمی ئێران دژایەتییان لێ کەوتووەتەوە. ئەوان داویان لە واشنتۆن کردبوو کە گەمارۆکانی سەر ئێران بە چڕی بەڕێوە برن، هەروەها ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی بخەنە ژێر گوشار هەتا حاڵەتەکانی پێشێلکردنی بەرجام لەلایەن تارانەوە ڕابەگەیەنێت.

بە وتەی ئەو ڕۆژنامەیە ئەویکەی لە ساڵی ٢٠١٥ ڕێژیمی ئێرانی ناچار کرد ڕێکەوتنی بەرجام واژۆ بکات، گەمارۆ قورسەکانی ئامریکا بوو، ئەو دیپلۆماتانەی کە دەستیان لەکار کێشاوەتەوە پێداگریان لە دەوڵەتی بایدن کردووە یان ڕێژیمی ئێران لە بابەتی هەڵسوکەوتە خراپەکانی سزا بدات، یان ئەوە قەبووڵ بکات کە ئەو ڕێژیمە وتووێژە ناوکییەکان بۆ هەمیشە درێژە پێ دەدات.

''نیویۆرک پۆست'' باسی لەوە کردووە وا دیتە بەرچاو وەزارەتی دەروەی دەوڵەتی بایدن بە نیازی ئەوەیە وتووێژەکان ئەوەندە درێژ بکاتەوە هەتا ڕێژیمی ئێران ڕایبەگەیەنێت کە بووەتە هێزی ناوکی، یان ئەوەندە بەنیسبەت بژاردەکانی دیکە بۆ ڕێککەوتنی بەرجام بێ مەیلە کە دیهەوێت چاوی لەسەر ئەو ڕاستییە دابخات کە ڕێژیمی ئێران تەنیا بۆ کاتکوشتن وتووێژ دەکات.

ئەو ڕۆژنامەیە بەو ئاکامە گەیشتووە کە نەتەنیا دەبێ چاوەڕوانی ئەو بکرێت کە ڕێژیمی شەیتانی ئێران لە کاتی دەسەڵاتداریەتی ''بایدن'' دەستی بە چەکی ناوکیی ڕابگا، بەڵکوو دەبێ لەوش دڵنیا بین کە دوژمنەکانی دیکەی ئامریکا بەوەیان زانیوە کە دیپلۆماسی ئامریکا ''بێ ددانـ''ـە و هەوڵە تێکدەرانەکانی خۆیان پەرە پێ دەدەن. دەوڵەتی بایدن بە جێگای پێکهێنانی ئاشتی لە ڕێگای هێزەوە، لاوازییەکی هەڵبژرادووە کە ئەگەری زۆرە شەڕی لێ بکەوێتەوە.