کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نیوەی حەشیمەتی ئێران لەگەڵ مەترسیی بێئاوی بەرەوڕوون

11:02 - 4 رێبەندان 2718

کوردستان میدیا: قەیرانی ئاو و نەبوونی مکانیزمێکی گونجاو بۆ چارەسەریی ئەم قەیرانە، نیوەی خەڵکی ئێرانی لەگەڵ قەیرانی ئاوی خواردنەوە بەرەوڕوو کردووەتەوە.

ناوەندی توێژینەوەی مەجلیسی ڕێژیم، لە ڕاپۆرتێکدا هۆشداری داوە و باسی لەوە کردووە، کە لە بەشێکی زۆر لە شار و گوندەکانی ئێران، قەیرانی ئاو هەست پێ دەکرێت و ئەم دۆخە هەتا ٣ ساڵی دیکە زۆر توندتر دەبێت و ئەمە لە حاڵێکدایە کە کەمبوونەوەی باران و چوونەسەرەوەی بەکارهێنانی ئاو لە بواری وەرزێڕیدا لە بەرچاو نەگیراوە.

لە ڕاپۆرتی ناوەندی توێژینەوەی مەجلیسی ڕێژیم، بە ناوی "تاوتوێکردنی دوایین دۆخی ئاوی خواردنەوە لە وڵاتدا" هاتووە: "لە هاوینی ساڵی ٩٧دا بە هۆی کەمبوونەوەی باران، لە ساڵی پڕبارانی ٩٦ـ ٩٧دا، بەشێکی زۆر لە ئێران لەگەڵ کێشەی ئاوی خواردنەوە بەرەوڕوو بوون. لەم هاوینە زۆربەی شار و گوندەکان کە زیاتر لە ٣٦/٨ میلیۆن کەس دەبن و ٤٦ لەسەدی حەشیمەتی ئێرانن، لەگەڵ قەیرانی ئاوی خواردنەوە بەرەوڕوون.

لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکە بە شیکارییەوە باس لەوە کراوە، کە لە کۆی ٦١/٦ میلیۆن حەشیمەتی شاریی ئێران، نزیک بە ٣٤/٥ میلیۆنی لەگەڵ قەیرانی ئاوی خواردنەوە بەرەوڕوو بوون و لە بەشی ناوەندی ئێرانەوە ١٦/٧ میلیۆن حەشیمەتی شاریی، قەیرانی ئاوی خواردنەوەیان بووە کە چەندین پارێزگا لە خۆ دەگرن.

ئێران کە چەند ساڵێکە لەگەڵ قەیرانی ئاو بەرەوڕووە، بەردەوام بەرەو گەرمتربوون و وشکتربوون دەڕوات و نێونجیی بارانی ساڵانەی لە ماوەی ٥٠ ساڵی ڕابردووەوە، لە ٢٥٠ میلیمێتر بۆ ٢١٧ میلیمێتر دابەزیوە و هاوکات نێونجیی پلەی گەرماکەی لە هەر دە ساڵدا ٤/١٠ پلەی سلسیووس بەرز دەبێتەوە.

بە هۆی کەمبوونەوەی باران، بەکارهێنانی لەڕادەبەدەر و ناشارەزانە کەڵکوەرگرتن، قەیرانی ئاو دەیان ساڵە بەرۆکی ئێرانی گرتووە و بەرپرسانی ڕێژیمیش نەک هیچ مکانیزمێکیان بۆ چارەسەریی ئەم قەیرانە نییە، بەڵکوو لە هەمبەریشیدا کەمتەرخەمن و خۆیان بە بەرپرسیار نازانن.