کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نیوەی خەڵکی شاری سنە پەراوێزنشینن

14:11 - 22 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: نزیکەی ٥٠ لەسەدی خەڵکی شاری سنە، لە پەراوێزی شاردا نیشتەجێن و هەتا ئێستا ڕێژیمی ئێران هیچ هەنگاوێکی بۆ چارەسەریی ئەم کێشە کۆمەڵایەتییە هەڵنەگرتووە.

سنە وەکوو گەورەترین شاری پارێزگای کوردستان، زۆرترین حەشیمەتی پەراوێزنشینیی لە کوردستانی ئێراندا و ئاستی ئێراندا هەیە.

وێڕای ڕێژەی بەرزی پەراوێزنشینی، گرفتی نەبوونی پێداویستییە بێهداشتییەكان لەو ناوچانەدا زۆرە و ڕێژیمیش هیچ هەوڵێک بۆ چارەسەرکردنی نادات.

هەروەها ئاماری خەسارە کۆمەڵایەتییەکان لە پەراوێزی شارەکاندا بەرزترە و تەمەنی تووشبوون بە ماددە سڕکەرەکان لەم ناوچانەدا هاتووەتە خوارەوە.

هەر لەم پیوەندییەدا بەرپرسی ناوەندی پەروردەی ناوچەیەکی پەراوێزنشینی سنە دەڵێت: "بە هۆی نەبوونی قوتابخانە، زیاتر لە دوو هەزار قوتابیی نایسەر ناچارن بۆ درێژەدان بە خوێندن بڕۆنە شاری سنە و ئەوەش کێشەی بۆ قوتابییانی ئەم ناوچەیە دروست کردووە."

هەروەها  ئامارەکانی ڕێژێمی ئێڕان باس لەوە دەکەن ڕێژەی دانیشتووانی شارۆچکەی نایسری سنە ٧٥ هەزار کەسە، بەم پێیە ئەم شارۆچکەیە لە شارەکانی کامیاران، بیجاڕ و دێولان گەورەترە، بەڵام دانیشتووانی لە سەرەتاییترین مافەکانی ژیان بێبەشن.

هەر لەم پەیوەندییەدا، کرماشان گەورەشارێکە کە بە پەراوێزنشینییەوە خەریکە ڕۆژ بە ڕۆژ گەورەتر دەبێت و خەڵکی ئەم شارە لە بواری ئابوورییەوە کەوتوونەتە پەراوێزەوە.

ڕێژیمی ئێران هێشتا نەیتوانیوە دوای زۆرتر لە بیست ساڵ بە کۆتایی‌هاتنی شەڕی عێراق، ئاسەوارەکانی خراپی ئەم شەڕە لەسەر ئاوەدانیی کرماشان چارەسەر بکات و بۆ ئەمڕۆ و داهاتووی ئەم شارە هیچ بەرنامەیەکی نییە.

ئەم کێشەگەلە وای کردووە کە خەڵکی کرماشان توانای بەڕێوە بردنی ژیانی خۆیان لە ناوەندی شار نەبێت و بەرەو پەراوێزی شار بڕۆن.