کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نیوەی خەڵکی ئێران لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین

11:46 - 17 رەزبەر 2720

ناوەندی ئاماری ڕێژیمی ئێران لە نوێترین ڕاپۆرتی خۆیدا بڵاوی کردووەتەوە، تێچووی بنەماڵەکان دەرخەری ئەوەیە کە ٥٠ لەسەدی حەشیمەتی ئێران لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین.

ئەو ئامارەی کە ئێستا بڵاو بووەتەوە لەگەڵ ئاماری ساڵی ٩٠ جیاوازییەکی زۆری هەیە. ساڵی ٩٠ تەنیا ١٨ لەسەدی خەڵک لەژیر هێڵی هەژاریدا بوون.

ساڵی ٩٧ی هەتاوی ئەو ڕێژەیە گەیشتووەتە ٢٤ لەسەد و ساڵی ٩٨ گەیشتووەتە ٣٥ لەسەد. بەهۆی دابەزینی بەهای پارەی ئێران و پێشگرتن لە هەناردەکردنی نەوت هێڵی هەژاری لە ئێران گەیشتووەتە ١٠ ملیۆن تمەن و هێڵی هەژاریی ڕەها گەیشتووەته ٦ ملیۆن و ٨٤٠ هەزار تمەن.

لە ساڵی ٩٨دا بەهۆی قەیرانی ئابووری خۆراکی خەڵک زۆر دابەزیوە و تەنانەت لە ساڵی ڕابردوودا ٨ لەسەدی بنەماڵەکانی کوردستان و ئێران نەیانتوانیوە گۆشت بخۆن. هەروەها نزیک بە ١٠ لەسەدی بنەماڵەکانی ئێران لە ساڵی ٩٨دا بەنیسبەت ساڵی ٩٠ نەیانتوانیوە برنج بخۆن.

دۆخی ئابووریی ئێران لە کاتێکدایە کە "حەسەن ڕووحانی" چەند ڕۆژ پێش باسی لەوە کرد: "دۆخی ئابووریی ئێمە لە وڵاتی ئاڵمان باشترە".