کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نیکی هیلی: ڕێککەوتننامەی بەرجام ئیمکانی چاکسازی تێدا نەبوو

12:53 - 7 خەرمانان 2718

کوردستان میدیا: باڵوێزی ئامریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان هاوشان لەگەڵ بەپرسی گرووپی کردەوەی ئێران لە دانیشتنی ساڵانەی دامەزراوەی بەرگری لە دێموکراسی ئاماژەیان بە کردەوە تێرۆریستییەکانی ڕێژیمی ئێران کرد.

نیکی هیلی، باڵوێزی ئامریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە دانیشتنی ساڵانەی  دامەزراوەی بەرگری لە دێموکراسی کە ڕۆژی سێ‌شەممە ڕێکەوتی ٦ی خەرمانان  بەڕێوەچوو، باسی لەوە کرد کە پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئامریکا سەرەتییە، بۆیە لە شۆرای مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان هاتنە دەرەوە و دوابەدوای ئەوەش لە ڕێککەوتنی بەرجام.

باڵوێزی ئامریکا لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان وتوویەتی: بۆچی دەبێت ئێمە پشتیوانی لە وڵاتانێک بکەین کە دروشمی "مرگ بر آمریکا" دەڵێنەوە.

هەروەها لەبارەی کردەوە تێرۆریستی و ئاژاوەگێڕییەکانی ڕێژیمی ئێران لە ناوچەکەدا وتوویەتی: دەبێت لەهەر کات و هەر شوێنێکدا نیگەرانی کردەوەکانی ئێران لە سووریە، یەمەن و لوبنان بین ، ڕێگە لە کردەوەکانیان بگرین و هەوڵ بدەین ڕێژیمی ئێران لە سووریە بڕواتە دەرەوە، ئێمە لەمبارەوە لەگەڵ ڕووسیە کاردەکەین.

ناوبراو لە درێژەدا لەبارەی ڕێککەوتنی بەرجام ڕایگەیاند: "ئێمە بە میلیارد دۆلارمان دوای ڕێککەوتنی بەرجام بە ڕێژیمی ئێران دا بەڵام ئەوان درێژەیان بە کردەوە تیرۆریستی و بەرنامە موشەکییەکانیان دا؛ وتیشی: مانەوەی ئێمە لە ڕێککەوتنی بەرجام دەبووە هۆی درووست بوونی کۆریای باکورێکی دیکە".

لەلایەکی دیکەشەوە لەم دانیشتنەدا برایان هوک  بەرپرسی گروپی کردەوەی ئێران لە وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا چەند وتەیەکی پێشکەش کرد و ڕێژیمی ئێرانی بە مافیا پێناسە کرد و وتی: "ڕێژیم ئازادییە دینییەکانی پێشێل کردووە و هیچ بیرێکی نوێ لە کۆمەڵگادا پەسەند ناکات".

بەرپرسی گروپی کردەوەی ئێران جەختی لەوە کردەوە کە ڕێبەرانی ئێران و هێزەکانی سپای پاسداران بە میلیۆنان دۆلاریان لە بەردەستدایە و ڕایگەیاند: "ڕێژیمی ئێران وەک مافیا وایە کە داراییەکانی خەڵکی ئەم وڵاتە لە ژێر ناوی دین بەڵام بۆ پشتیوانی لە تیرۆریزم بە تاڵان دەبات".

هەروەها داوای ئەوەی کرد کە ڕێژیمی ئێران ئیزن بە چاودێرانی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی بدات کە لە هەر کاتێکدا سەردانی سایتە ناوکییەکانی ڕێژیمی ئێران بکەن و کۆتایی بە بەرنامە موشەکییەکانی و ڕەوتی پیتاندنی ئۆرانیۆم بهێنن و واز لە داڵدەدانی هێزەکانی ئەلقاعیدە بهێنن.