کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نیکی هێلی: تەقەکردنەکەی ئەهواز، ئاکامی کردەوەکانی خودی ڕێژیمی ئێرانە

11:50 - 2 رەزبەر 2718

کوردستان میدیا: وڵاتی ئامریکا و ئەمارات، تۆمەتەکانی ڕێژیمی ئێرانیان لە پێوەندی لەگەڵ تەقەکردن لە کاتی مانۆڕی نیزامیی ڕێژیم، لە شاری ئەهوازیان ڕەت کردەوە.

نیکی هێلی، نوێنەری ئامریکا لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕۆژی یەکشەممە ١ی خەزەڵوەر، سەرەڕای ڕەتکردنەوەی پێوەندیی وڵاتەکەی لەگەڵ هێرش بۆ سەر مانۆڕی نیزامیی ڕێژیمی ئێران، لە شاری ئەهواز، داوای لە بەرپرسانی ڕێژیم کردووە، کە بۆ تێگەیشتن لە هۆکاری ئەم کارەساتانە، باشتر وایە بە وردی چاوێک لە کردەوە و ئاکارەکانی خۆیان بخشێننەوە.

ناوبراو لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و وتووێژ لەگەڵ کاناڵی "سی‌ئن‌ئن"، لە وڵامی قسەکانی ڕۆحانی کە ئامریکای لە پێوەندیی لەگەڵ ئەم هێرش و دەسڕێژە تۆمەتبار کردبوو، وتوویەتی: "هەرچەندە دەتوانن تاوانەکانی بخەنە ئەستۆی ئێمە، بەڵام خۆتانیش لە ئاوێنە ببیننەوە".

هاوکات لەگەڵ نیکی هێلی، ئەنوەر قەرقاش، وەزیری ڕاوێژکاریی ئەمارات لە کاروباری دەرەوە، ئیددعاکانی ڕێژیمی ئێرانی بە بێبنەما زانی و لە تویتەکەی خۆیدا نووسیبووی: وڵاتەکەی لە مێژە بە دژی تێرۆریزم و توندوتیژی هەڵوێستی گرتووە.

هەڵوێستی وڵاتانی ئامریکا و ئەمارات لە هەمبەر ئەو تۆمەتانە بوو، کە ڕێبەری ڕێژیمی ئێران و بەرپرسانی باڵای ئەو ڕێژیمە، پاش تەقەکردن لە کاتی مانۆڕی نیزامییانی ڕێژیم لە شاری ئەهواز، خێرا بەرەوڕووی وڵاتانی ناوچەکە و ئامریکا و ئیسرائیلیان کردەوە و ئەوانیان بە تاوانبار زانی.

ئەم نەریتە لە سیاسەتی ڕێژیمی ئاخوندیی تاران شتێکی نوێ نییە، هەر کات ئەو ڕێژیمە گوشاری کەوتووەتە سەری و لەگەڵ هەڵوێست و وڵامی سیاسەتە هەڵەکانی لە لایەن گەلانی چەوساوە و بندەستی ئێران بەرەوڕوو بووە، خێرا دەستی تاوانەکانی خۆی بۆ وڵاتانی دیکە ڕاکێشاوە و خۆی لە بازنەی تاوانەکان دوور خستووەتەوە.