کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نیۆیۆرک تایمز: تەقینەوەی نەتەنز، بەرنامەی ئەتۆمیی ڕێژیمی ئێران هەتا دوو ساڵ وەدوا دەخات

12:40 - 21 پووشپەڕ 2720

ڕۆژنامەی ئامریکایی نیۆیۆرک تایمز لە ڕاپۆرتێکدا بەنیسبەت تەقینەوە لە دامەزراوەی ئەتۆمیی نەتەنز نووسیویەتی، ئەم ڕووداوە بەرنامە ئەتۆمییەکانی ڕێژیمی ئێران هەتا دوو ساڵ وەدوا دەخات.

ئەم ڕاپۆرتە کە ڕۆژی هەینی ٢٠ی پووشپەڕ بڵاو بووەتەوە، باس لەوە دەکات کە وێنە نوێیەکان لە شوێنی تەقینەوە ئەوە نیشان دەدات کە ئاستی وێرانییەکە زیاتر لەو ڕادەیە بووە کە حەوتووی ڕابردوو دەهاتە بەرچاو.

ئەم ڕۆژنامەیە لەسەر قسەکانی دوو بەرپرسی ئەمنییەتی و هەڵسەنگاندەنە نەوێیەکانی ئامریکا و ئیسرائیل ئیدعا دەکات کە نزیک دوو ساڵ دەخایەنێت بەرنامەی ئەتۆمیی ڕێژیمی ئێران بێتەوە سەر حاڵەتی پێش تەقینەوەکە.

پاش تەقینەوە و ئاگرکەوتنەوە گوماناوییەکانی وزەخانە و کارخانەکانی ڕێژیم لەم دواییانەدا، ڕێژیمی ئێران دەربڕینێکی هەڕەشەئامێزی بەرانبەر بە ئیسرائیل بووە و پێیان وایە بکەری ئەو ڕووداوانە ئیسرائیلە.

لەو پەوەندییەدا چەند ڕۆژ لەمەوپێش، ڕۆژنامەی ئیسرائیلیی "ئۆرشەلیم پۆست" لە بابەتێکدا لەژێر ناوی "ئێران پاش چوارەمین تەقینەوەی گوماناوی لەژێر گوشاردایە" نووسیویەتی کە تەقینەوەکانی نەتەنز زیانی بە دامەزراوە سەرەکییەکانی پەیوەندیدار بە ژێربینا مووشەکی و ناوکییەکان و دامەزراوەکانی دیکە گەیاندووە.

هەروەها هەندێک لە ڕاگەیاندنە ئیسرائیلییەکان لەو بارەوە وتبوویان کە تەقینەوەی وزەخانەی نەتەنز، هۆشدارییەکی دووبارە بە ڕێژیمی ئێران بوو کە جیهان ئیزن بەو ڕێژیمە نادات دەستی بە چەکی ئەتۆمی بگات.