کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نیۆیۆرک تایمز: خۆپیشاندانەکانی ئێران خراپترین نائارامی لە ٤٠ ساڵی ڕابردوودا بووە

11:54 - 11 سەرماوەز 2719

کوردستان میدیا: ڕۆژنامەی نیۆیۆرک تایمز بە ئاماژەدان بە کوژرانی لانیکەم ١٨٠ کەس لە خۆپیشاندەرانی خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییانەی ئێران و کوردستان، ئەو ڕووداوانەی بە "خراپترینـ"ـی ڕووداوەکانی چوار دەیەی ڕابردوو ناو لێ بردووە.

ڕۆژنامەی "نیۆیۆرک تایمز" بە ئاماژەدان بە هەندێک لە تاوانەکانی ڕێژیمی ئێران بەرانبەر بە خۆپیشاندەران، ئەو خۆپیشاندانانە و ڕووداوە دڵتەزێنەکانی بە "خراپترین" ڕووداوەکانی ٤٠ ساڵی ڕابردوو ناو لێ بردووە.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی "نیۆیۆرک تایمز"ی ئامریکا، ئاماری کوژراوانی خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییانەی ئێران "لانیکەم ١٨٠ کەس" ڕاگەیەندراوە.

لە لایەکی دیکەشەوە هەندێک لە ئامارەکان باس لە کوژرانی لانیکەم ١٦١- ٣٦٦ کەس لەو خۆپیشاندانانەدا دەکەن.

ئەو ڕۆژنامەیە هەروەها باسی لەوە کردووە کە لەو ماوە کورتەدا کە شارەکان بوون بە گۆڕەپانی ناڕەزایەتییەکان، هێزە نیزامییەکان تەقەیان لە خەڵک کردووە و تەنیا لە شاری "ماهشەهر"دا، بەپێی قسەی شایەتحاڵان، ٤٠ تا ١٠٠ کەس لەلایەن سپای تێرۆریستی پاسدارانەوە کوژراون.

نیۆیۆرک تایمز هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە کە بەرپرسانی ڕێژیم هیچ ئامارێکی دروست سەبارەت بە کوژراوانی خۆپیشاندانەکان ڕاناگەیەنن.

هەروەها تیشکی خستووەتە سەر قسەکانی ڕێبەری ڕێژیم لە ڕۆژەکانی ڕابردوودا کە ناڕەزایەتییەکانی بە "پیلانی قووڵ، بەرین و زۆر مەترسیدار" ناو لێ بردووە و داوای لە هێزەکانی "بەسیج" کردووە لە "تەواوی گەڕەکەکانـ"ـدا حوزووریان هەبێت.

ڕێژیمی ئێران لە ماوەی ٤٠ ساڵی ڕابردووی دەسەڵاتداریی خۆیدا بەردەوام لە کاتە هەستیارەکاندا بۆ پێشگرتن لە ڕووخانی ئەو سیستمە و مانەوەی خۆی، پەنای بردووەتە بەر شێوازگەلی دڕندانەی سەرکوت و دەرفەتی بە دەرکەوتنی دەنگی دژ بە خۆی نەداوە.