کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نیۆیۆرک تایمز: دەوڵەتی جۆ بایدن نابێ بگڕێتەوە بۆ ڕێککەوتنی بەرجام

18:06 - 22 سەرماوەز 2720

ڕۆژنامەی ئامریکایی ''نیۆیۆرک تایمز'' لە ڕاپۆرتێکدا باسی لەوە کردووە کە دەوڵەتی ''بایدن'' نابێ ڕێککەوتنی ناوکی لەگەڵ ئێران واژۆ بکات، ڕێژیمی ئێران بەتوندی پێویستی بەوەیە کە گەمارۆکانی لەسەر لا ببردرێن و لە دۆخێکی لاوازدایە کە دەیهەوێت وتووێژ بکات.

ئەو ڕۆژنامەیە لە لێکۆڵینەوەیەکدا کە بە قەڵەمی ''بێرت ئێستفێنز'' نووسراوە باسی لەوە کردووە کە ''بایدن'' دەبێ هەتا کاتی گونجاو دۆخی ئێستا ڕابگرێت.

''نیۆیۆرک تایمز'' نووسیویەتی، ''جۆ بایدن'' سەرکۆماری هەڵبژێردراوی ئامریکا بەباشی دەزانێت کە بۆ مامەڵە لەگەڵ ئێران ڕێگایەک بۆ گەڕانەوە بۆ ڕێککەوتنی بەرجام بدۆزێتەوە کە "ئۆباما" لە ساڵی ٢٠١٥ بە ئەنجامی گەیاند و لە ئێستادا لەسەر هێندێک لە خاڵە گرینگەکانی وتووێژ بکات.

''بایدن'' لە سێپتامبری ڕابردوودا باسی لەوە کردبوو کە ئەگەر ڕێژیمی ئێران بەتەواوی بە بەرجام پێبەند بمێنێت، ئامریکا دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ڕێککەوتننامەیە، هەتا ببێتە دەسپێکێک بۆ وتووێژەکانی دواتر.

ئەو ڕۆژنامەیە باسی لەوە کردووە، ڕێژیمی ئێران بەتوندی پێویستی بەوە هەیە کە گەمارۆکانی لەسەر لا ببردرێن؛ لە ساڵی ٢٠١٦ـەوە دوای ڕێککەوتنی بەرجام، ئێران ساڵانە ٢.١ ملیۆن بەرمیل نەوتی خاوی هەناردە دەکرد، لە ساڵی ٢٠٢٠ دوای ئەویکە ''ترامپ'' گەمارۆی زۆری لەسەر ئێران دانا، ڕێژەی هەناردەکردنی نەوتی ئێران بۆ یەک لەسەر چوار دابەزی.

بە وتەی ئەو ڕۆژنامەیە، ڕێژیمی ئێران لەسەر ئەو باوەڕەیە کە دەتوانێت قەیرانی ناوکی بخولقێنێت و دەوڵەتی نوێی ئامریکا ناچار بکات گوشارە ئابوورییەکانی لەسەر ئێران لا ببات.

''نیۆیۆرک تایمز'' نووسیویەتی، هەڕەشەکانی ئێران بەنیسبەت توندکردنی قەیرانەکان تەنیا هاتوهاوارێکە، ڕێژیمی ئێران دەستی لەوە کورترە کە بتوانێت قەیرانێکی ناوکی لە بەرامبەر ئامریکادا دروست بکات.

لەبارەی کوشتنی ''فەخریزادە'' باسی لەوە کردووە کە ئەمە یەکەم زانای ناوکیی ئێران نییە کە دەکوژرێت و دوایین کەسیش نابێت. بەم هۆیەوە تاران لە دۆخیکی زۆر لاوازدایە کە دەیهەوێت وتووێژ بکات و بژاردەکانی بۆ چڕکردنی گرژی و ئاڵۆزی زۆر کەمن.

بە وتەی ئەو ڕۆژنامەیە، دۆخی دەوڵەتی ''بایدن'' بەپێچەوانەی ڕێژیمی ئێرانە، چونکە کاتێک ''بایدن'' بچێتە نێو کۆشکی سپییەوە چەندین ئامارازی گوشاری لەبەر دەستدایە کە دەتوانێت ڕێژیمی ئێران لە هەموو بوارەکان کۆنترۆڵ بکات.