کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

"نێ" شارەدێیەکی ترسێنەر بۆ ڕێژیم و نوێنگەی ئیرادەی گەلێک!

23:19 - 7 خاکەلێوه 2722

شەماڵ تەرغیبی

ساڵانێکی دوورودرێژە کە کوردستان بووەتە مەکۆی سەرهەڵدان و بەرخودان و نموونەیەکی بەهێز بۆ دژایەتی کردنی داگیرکاری و ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ سپای تاریکی و هەر ئەمەش وای کردووە کە هەر لە دێرزەمانەوە شاخەکانی کوردستان نوێنەرایەتی بەرەی ئازادیخوازی دەکەن و وانەی لەخۆمایەدانان بۆ ڕزگاری فێری هەموو بەشەکانی دیکەی ئێران و تەنانەت ناوچەش دەکەن!

لەم ساڵانەی دواییدا و بەتایبەت پاش ڕاگەیاندنی قۆناغی نوێی خەباتی ڕۆژهەڵات ناسراو بە ڕاسان، ئەم ڕۆڵ و نەخشە دیسانەوە پێناسە کرایەوە و دیسانەوە کوردستانی کردەوە بە داشداری کاروانی خەبات بەدژی داگیرکاری سپای نەزانیی کۆماری ئیسلامی.

ساڵانە و لە بەرەبەری جێژنی نەتەوەیی نەورۆز و لە ڕۆژانی جێژنیشدا کوردستان بە دروستی هەنگاوی بۆ سەلماندنی بوونی خۆی و دەرخستنی ئەو جیاوازییانەی کە شوناسی ئەوی لەسەر بنیات نراوە هەڵێنایەوە؛ یەکێک لەو شوێنانەی کە لەم ساڵانەدا بەتایبەتی بووە ڕۆژەڤی باس و خواستەکان و حەماسەی تێدا خوڵقا شارەدێی "نێ"ی مەریوانە. شارەدێیەک کە بە حەشیمەتی نە زۆر توانی نەخشی پێشەنگبوونی گەلێک بگێڕێ و ببێتە ئۆلگوویەک بۆ خەباتی شار دژ بە داگیرکار.

لاوانی ئەم شارەدێ کە هەنووکە بوونەتە چقڵی چاوی نەیاران و دژبەرانی خاکی کوردستان، وانەکانی خەبات بۆ ئازادی و گەیشتن بە ڕزگاری، لە نەسڵەکانی پێش لە خۆیان و بەڕوونی لە شەهیدانێکی وەک مەلاحسەین پەروازە و هاوڕێبازەکانی فێر بوون و هەر ئەمەش وای کردووە کە ئامادە نەبن لە بەرامبەر ویستە چەپەڵەکانی دژمن سەر نەوی بکەن و هەردەم سەربەرزانە لە بەرامبەر مافپێشێلکەرانی تاران ڕابوەستن و چاوسوورکردنەوە و مۆڕەکردنی سپای عەجەم نەتوانێ لە بڕیاریان بۆ خەبات دژ بە تاریکی سڵ بکەنەوە.

ئەمساڵیش هاوشێوەی ساڵانی ڕابردوو خەڵکی نێ لە هەوڵی بەرزڕاگرتنی جێژنی نەتەوەیی خۆیان واتە نەورۆز بوون کە وەک دیتمان ڕێژیم ترسی لێ نیشت و لە کۆتاڕۆژەکانی ساڵی ١٤٠٠ بە بانگهێشت کردن و دەسبەسەرکردن و هەڕەشەکردن لە چالاکانی مەدەنی ئەم شارەدێ و چاوسوورکردنەوە لێیان هەوڵی دا پێش بە بەڕێوەبردنی نەورۆز بگرێ؛ تەنیا بەوەندەش خۆی نەبەستەوە و بە مۆڵدانی چەکدار و پۆستاڵ لەپێکانی لە شوێنە جیاجیاکانی نێ و یەک لەوان مزگەوتی نێ هەوڵی پیسکردنی خاکی پاکی ئەم ناوچەیان دا. ئیتر نەیاندەزانی کە تەنانەت ئەگەر نەهێڵن خەڵک ئاگری نەورۆز بکەنەوە، ئاڵای نیشتمانەکەیان بشەکێننەوە، سروودی دوژمنتاسێنی ئەی ڕەقیب بڵێن و لە دڵەوە شێعری خوایە وەتەن ئاواکەی بۆ هێورکردنەوەی ڕۆح و دەروونیان بڵێن، ئەوا لە قوتابخانەی دێ منداڵانی ئەمەگناس بە ڕێبازی بابوباپیرانیان یەکدەنگ دەڵێن: قاسملوو قاسملوو ڕێگات درێژەی هەیە!

کاتێک خوێندنگایەکی سەرەتایی تێکڕا هاواری درێژەدانی ڕێگای قاسملووی ڕێبەر ئەڵێنەوە، بە تەواوی دەرخەری ئەوەیە کە نەوەی نوێ لە داهۆڵەکانی ڕێژیم سڵ ناکەن و هەر چەشنە پیلانێکی ڕێژیم بۆ بەرپەرچدانەوەی خەبات پوچەڵ ئەکەنەوە.

ڕێژیم وەها لە ئیرادەی خەڵکی نێ تۆقیوە و سڵی لێ دەکا کە بە ڕۆژی ڕووناک گورگە هارەکانی بە ددانی تیژکراوەوە لە گیانی خەڵک بەر دەدا و بە نێو شارەدێکەدا دەیانسوڕێنێتەوە تا خەڵک بترسن خافڵ لەوەی ئەم کردارانە لە ڕابردوودا و نەک تەنیا لە ئێران یان کوردستان بەڵکوو لە زۆر شوێنی دیکەی دنیاش تاقی کراوەتەوە و شکست هێناوە و ناتوانێ بەسەر ئیرادەی گەلێک سەر بکەوێ!

هۆکاری ئەوەیکە کۆماری ئیسلامی ئەم ئەزموونە شکستخواردووە بەردەوام ئەزموون دەکاتەوە لەڕاستیدا ئەوەیە کە ڕێژیم بەهێزترین چەک لە سەربازەکانیدا وێنا دەکات بەڵام نازانێ کە بەهێزترین چەک لە دنیادا ئیرادەیە؛ چ ئەو ئیرادە لە ئۆکراینا بێت کە دژ بە ڕووسی داگیرکەر دەجوڵێتەوە و قوربانی دەدا و چ ئەو ئیرادە لە کوردستاندا بێ کە ساڵانێکە ڕێژیمی تووشی بێهیوایی کردووە و بەردەوام کڵپەی لە خاک وەر دەدا.

ئەوەیکە ئەمساڵ لە نێدا کرا و بینرا بەپێچەوانەی خەیاڵی خاوی تاران نەک شکستهێنان بە خەڵکی نێ و گەلی کورد بەڵکوو بەڕێوەچوونی نەورۆزێک بوو کە لە ساڵانی پێشووش بەهێزتر بوو و توانی بەهێزتریش پەیامی خۆی بگەیەنێ. پەیامی ئەوەیکە باڵندەیەک لە داهۆڵ بترسێ لە برسییەتیدا دەمرێ!

ڕێژیم چ بیهەوێ یان نا، "نێ" شارەدێیەکی ترسێنەرە بۆی و نوێنگەی ئیرادەی گەلێکە! بۆیە دەڵێین سڵاو لە خۆڕاگریتان قارەمانانی سەنگەری شار، سڵاو لە بەرخودانتان و سڵاو لە ئیرادەی دوژمنبەزێنتان.