کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نێتانیاهوو تۆمەت لێدانەکانی ڕێژیمی ئێران بە گاڵتەجاڕ زانی

10:44 - 10 رەزبەر 2718

کوردستان میدیا: سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، تۆمەتبارکردنی ئیسرائیل لە لایەن ڕێژیمی ئێران، بە ئەنجامدانی هێرشە چەکدارییەکەی ئەهوازی بە شتێكی گاڵتەجاڕ زانی.

ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ١٠ی خەزەڵوەر، بنیامین نێتانیاهوو سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، لە نوێترین تویتی خۆیدا، بە زمانی فارسی نووسیویەتی: "هەوڵی ڕێژیمی ئێران بە پێوەندیدانی ئیسرائیل بە هێرشە چەکدارییەکەی ئەهواز، شتێکی پێکەنینییە".

هەروەها سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە بارەی مووشەکە هاوێژراوەکانی سپای تیرۆریستی پاسداران بۆ ڕۆژهەڵاتی فورات لە ڕۆژی ڕابردوودا نوسیبووی: "ئەوەی کە لەسەر مووشەکە هاوێژراوەکان نووسیویانە: "مەرگ بۆ ئیسرائیل" ئامانج و نیازەکانی ڕێژیمی ئیسلامی ئێران بەباشی نیشان دەدات".

سپای پاسداران لەسەر مووشەکە هاوێژراوەکانی بۆ ڕۆژهەڵاتی فورات دروشمگەلێکی وەک: "مەرگ بۆ ئالی سعوود، مەرگ بۆ ئیسرائیل و مەرگ بۆ ئامریکا"یان نوسیبوو.

ئەم مووشەکانە کە ژمارەیان ٥ مووشەک بووە و بەرەو ڕۆژهەڵاتی فورات بە مەبەستی تۆڵەسەندنەوەی هێرشە چەکدارییەکەی شاری ئەهواز  لە گرووپە دژبەرەکانی ڕێژیم هاوێژرابوون، ژمارەیەکیان لە نزیک شاری کرماشان کەوتوونەتە خوارەوە کە ترس و دڵەڕاوکێی خەڵکی بەدواوە بووە.

جێی ئاماژەیە، کە ڕاستەوخۆی دوای ڕوودانی هێرشی چەکداریی بۆ سەر ڕێژەی هێزە تیرۆریستییەکانی سپای پاسداران لە شاری ئەهواز، بەرپرسانی باڵای ڕێژیم  وڵاتانی ئامریکا، ئیسرائیل، سعوودییە و ئەمارتیان لە پێوەندی لەگەڵ ئەم هێرشە تۆمەتبار کرد.