کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نێتانیاهوو: دەبێت ڕێژیمی ئێران لە سووریە دەربکرێت

12:59 - 12 خەرمانان 2718

کوردستان میدیا: بنیامین نێتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل باسی لە پێداگریی وڵاتەکەی لە دژایەتیکردنی بوونی هێزی نیزامیی ڕێژیمی ئێران و هاوپەیمانەکانی لە سووریەدا کرد.

ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ١١ی خەرمانان، بنیامین نێتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە دیدارێکیدا لەگەڵ جەیمز جێفری نوێنەری تایبەتی ئامریکا لە کاروباری سووریەدا وتی: وڵاتی ئیسرائیل، درێژە بە ئامانجەکانی خۆی لە پێوەندی لەگەڵ دژایەتیکردنی لە بوونی هێزی نیزامیی ڕێژیمی ئێران و هاوپەیمانەکانی لە سووریەدا دەدات.

ناوبراو جەختی لەوە کردەوە، کە ئامانجی هاوبەشی ئامریکا و ئیسرائیل دەبێت هەروا لەسەر دەرکردنی ڕێژیمی ئێران و هاوپەیمانەکانی لە سووریەدا بمێنێتەوە.

ئاویگدور لیبرمەن، وەزیری بەرگریی ئیسرائیلیش لە چەند ڕۆژی پێشدا باسی لە سنوورداربوونی چالاکییە مووشەکییەکانی ڕێژیمی ئێرانی لە سووریەدا کردبوو و وتبووی: "دوای هێرشەکانی ئەم دواییەی ئیسرائیل بۆ سووریە، ڕێژیمی ئێران نە دامەزراوەیەکیان لە کەنارەکانی سووریە و نە فڕۆکەخانەیەکیان لەم وڵاتەدا دروست کردووە،  هەرچەند هێشتا وازیان لەم بیرۆکەیان نەهێناوە.

لە لایەکی دیکەشەوە، جان بۆڵتۆن، ڕاوێژکاری ئەمنییەتی نەتەوەییی ئامریکا لە سەفەرێکیدا بۆ ئیسرائیل،  جەختی لە کردنە دەرەوەی هێزە نیزامییەکانی ڕێژیمی ئێران لە سووریەدا کردەوە.