کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نێتانیاهوو: لە بەرامبەرهەڕەشە و هێرشەکانی ئێران بە توندترین شێوە دژکردەوەمان دەبێت

23:13 - 22 بانەمەڕ 2718

کوردستان میدیا: سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە لێداونێکی نوێدا سەبارەت بە ئێران ڕایگەیاندووە کە ڕێژیمی تاران هێڵی سووری تێپەڕ کردووە.

بێنیامین نێتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ ڕێکەوتی ٢١ی بانەمەڕی ١٣٩٧ی هەتاوی، لەسەر کردەوە ئاژاوەگێڕانەکانی ئێران و بارودۆخی ناوچەکە و سوریە، لەگەڵ تێرێزا مەی، سەرۆکوەزیرانی بریتانیا، وتووێژیان کردووە و نتانیاهو دەسخۆشی لە بریتانیا کرد کە لە بەرامبەر هێرشە مووشەکییەکانی ڕیژیمی ئێران هەڵوێستی گرتووە.

نێتانیاهوو دوای ئەو وتووێژە لە لێدوانێکی تایبەتدا ڕایگەیاند کە ئەرتەشی ئیسرائیل لە بەرامبەر هێرشی ئێران بە باشترین شێوە بەرگری کرد و یەک ڕاکتی ئێران لە خاکی ئیسرائیل نەدرا و ئۆپراسیۆنی ڕێژیمی ئیران لەگەڵ شکانەوە بەرەڕوو بوو.

نێتانیاهوو لە لێدوانەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە، ڕێژیمی ئێران هێڵە سوورەکانی تێپەڕ کردووە و هەروەکوو پێشتر لە سیاسەتێکی ڕوون ڕامانگەیاندووە ناهێڵین هێزەکانی ئێران لە سووریە جێگیر بن و فڕۆکەکانمان پەیامێکی ڕوونیان بۆ بەشار ئەسەد هەبووە.

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە لێدوانەکەیدا، داوای لە کۆمەڵگای جیهانی کردووە کە ڕێگە نەدەن سپای تێرۆریستی قودس لە سووریە جێگیر بێت.
نێتانیاهوو ڕاشیگەیاندووە:"هەرکەسێک بێهەوێ زەربە لە ئێمە بدات، سەد قات زەربەی لێدەدەین و هەرکەس خۆی ئامادە بکات زەربە لە ئێمە بدات، ئێمە پێش لەوەی بە کردەیی بکات، زەربەمان لێداوە و تا ئێستە ئاوا بووینە و لە داهاتوویشدا هەروا دەبین."

جێگەی ئاماژەیە کە دوو ڕۆژ پێش لەو لێدوانە، نێتانیاهوو لەگەڵ پوتین سەرکۆماری روسیە دانیشتنی هەبووە و باسی لە بنکە و بارەگاکانی ئیسرائیل لە ناوچەکە کردووە و بە وردی لەسەر ئەو بەڵگەنامانەی کە لە لایەن ئیسرائیل لەسەر چالاکییە ناوکییەکانی ئێران خراونەتە ڕوو، قسەی کردووە و ڕایگەیاندووە: بە مافی خۆمانی دەزانین کە بۆ پاراستنی ئەمنییەتی وڵاتەکەمان بەرگری لە خۆمان بکەین.