کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نێتانیاهوو: هێرش بۆ سەر کەشتیی ئیسرائیلی کاری ئێران بووە

12:34 - 11 رەشەمه 2720

سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل وتوویەتی، هێرش بۆ سەر کەشتیی ئیسرائیلی لە دەریای عەمان کاری ڕێژیمی ئێران بووە.

''بێنیامین نێتانیاهوو'' ڕۆژی دووشەممە ١١ی ڕەشەمە، لە وتووێژ لەگەڵ میدیایەکی ئیسرائیلی، لە بابەت هێرشی حەوتووی ڕابردوو بۆ سەر کەشتیی بارهەڵگری ئیسرائیلی لە دەریای عەمان وتوویەتی: ''ئەمە کاری ئێران بووە و ئەمە شتێکی ئاشکرایە''.

ڕێکەوتی ٨ی ڕەشەمە، کەشتییەکی ئیسرائیلی بە ناوی "هێلیوس ڕێی" لە دەریای عەمان لە تەقینەوەیەکی گوماناویدا لە ٤ شوێنەوە زیانی پێگەیشت.

''نێتانیاهوو'' کە ڕێژیمی ئێران بە بکەری ئەو هەوڵە دەزانێت، وردەکاری یان بەڵگەیەکی بەنیسبەت ئەو ڕووداوە نەخستەڕوو، بەڵام وتی: ''ئێران گەورەترین دوژمنی ئیسرائیلە و من لەسەر ئەوە سوورم کە پێشی پێ بگرم. ئێمە لە هەموو ناوچەکەدا لە حاڵی کردنە ئامانجی ئەوانین''.

قسەکانی ناوبراو لە حاڵێکدا بوو کە ئەرتشی سووریە بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند کە ئیسرائیل چەند شوێنی لە دەوروبەری باشووری دەمیشق کردووەتە ئامانجی مووشەکی.