کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نێتانیاهوو پێداگریی لەسەر شەڕ دژی ئێران کردەوە

13:22 - 29 بانەمەڕ 2720

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە قسەکانی خۆیدا لە کاتی ڕاگەیاندنی دەوڵەتی نوێی ئیسرائیل، جەختی لەسەر شەڕ بە دژی ڕێژیمی ئێران و ئاکارە تیکدەرانەکانی لە ناوچەکەدا کردەوە.

ڕۆژی یەکشەممە ٢٨ی بانەمەڕ، "بنیامین نێتانیاهوو" سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە قسەکانیدا لە ڕێوڕەسمی سوێندخواردنی وەزیرانی دەوڵەتی نوێ و تازە ڕاگەیەندراوی ئیسرائیلدا، پێداگریی لەسەر درێژەپێدان بە شەڕ لەگەڵ حزووری نیزامیی ڕێژیمی ئێران لە سووریەدا و بەرنامەی ناوکی و مووشەکییەکانی کردەوە.

ناوبراو هەروا جەختی کردووەتەوە کە ئیسرائیل لە کاروباری ئەمنییەتیدا بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ سەرکوتی تێرۆریزم و تەنانەت لە ئەوپەڕی قەیرانی کۆرۆناشدا شەڕ لەگەڵ تیرۆریزم بۆ یەک چرکەش ڕانەوەستاوە.

نێتانیاهوو بە دڵنیاییەوە وتوویەتی کە دەوڵەتی داهاتوو، شەڕ لەگەڵ حزووری نیزامیی ڕێژیمی ئێران لە سووریەدا لێبڕاوانە درێژە پی دەدات و هەروەها لە هەوڵەکانی بۆ پیشگرتن لە بەرنامە ناوکی و مووشەکییەکانی ڕێژیمی ئێران بەردەوام دەبێت.

ئەو گوتارەی نێتانیاهوو لەگەڵ ناڕەزایەتیی چەند نوێنەریکی بەرەکانی عەرەب بەرەوڕوو بووەوە و هەوڵیان دابوو کە بە هاواری بەرز، وتاربێژییەکەی پێ ڕابگرن.

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل هەروەها وتوویەتی: "ئەم ئامانجانە بەردەوام یەکێک لە بنەڕەتە گرینگەکانی سیاسەتی بەرگری و ئەمنییەتیی ئیسرائیل بووە".

ئیسرائیل لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا و بەتایبەت ئەم دواییانە بە هێرشەکانی بۆ سەر بنکەکانی چەکدار و گرووپەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە سوورییەدا هەوڵی داوە دەستی ڕێژیمی ئێران لەو ناوچەیە کورت بکاتەوە و تا ئاستێکی بەرچاو تەنگی بەو هێزانە هەڵچنیوە.