کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نێتانیاهوو ڕوو لە ئێران: ئاگامان لێتانە!

10:45 - 15 رێبەندان 2718

کوردستان میدیا: سەرۆکوەزیرانی ئیسڕائیل لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا ڕوو بە گەورەلێپرسراوانی کۆماری ئیسلامی وێڕای ئاماژەدان بە تاقیکارییە مووشەکییەکانی ئەم دواییەی ڕێژیمی تاران هۆشداری دا و وتی: ئاگامان لێتانە و دەزانین چی دەکەن و لە کوێ دەیکەن!

ڕۆژی یەکشەممە رێکەوتی ١٤ی ڕێبەندان، بێنیامین نێتانیاهوو سەرۆکوەزیرانی ئیسڕائیل لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا ڕوو بە سەرانی کۆماری ئیسلامی وتی: ئێمە چڕتر لە ڕابردوو درێژە بە هەنگاوەکانمان دژ بە ڕێژیمی تاران دەدەین تاکوو ئەمنیەتی ئیسرائیل و داهاتووی وڵاتەکەمان مسۆگەر بکەین.

ئەم لێدوانە نوێیەی نێتانیاهوو پاش ئەوە هاتە ئاراوە کە ڕۆژی شەممە وەزیری بەرگری کۆماری ئیسلامی هەواڵی سازکردنی مووشەکی هووەیزەی ڕاگەیاند کە مووشەکێکی جۆری کڕووزە و مەودای ١٣٥٠ کیلۆمێتر دەپێوێ.

پشتڕاست کردنەوە و ڕاگەیاندنی ئەم هەواڵە لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە لە کاتێکدایە کە ئێران بەهۆی بەرنامەی مووشەکی بالێستیکەوە لەژێر گوشارێکی کەموێنەی ڕۆژئاوادایە و بەشی زۆری وڵاتانی ڕۆژئاوایی و لەسەرووی هەمووان ئامریکا بە مەترسییەکی گەورە بۆسەر ئەمنیەتی ناوچە و جیهانی دەزانن.

بەوتەی پاسدار جەعفەری فەرماندەی سپای پاسداران، عەلی خامنەیی بڕیاری داوە کە بۆردی مووشەکەکانیان بۆ ٢٠٠٠ کیلۆمێتر زیاد بکەن.