کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نێتانیاهوو: ڕۆژانە هێرشە سایبێرییەکانی ئێران پووچەڵ دەکەینەوە

11:13 - 10 رێبەندان 2718

کوردستان میدیا: سەرۆکوەزیرانی وڵاتی ئیسرائیل ڕایگەیاندووە، کە به شێوەی بەردەوام خەریکی پووچەڵکردنەوەی هێرشە سایبێرییەکانی ڕێژیمی ئێرانن و ئەوان ڕۆژانە بەرەنگاری ئەم هێرشانە دەبنەوە.

هەواڵدەرییەکان باسیان لەوە کردووە، کە بێنیامین نێتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی وڵاتی ئیسرائیل ڕایگەیاندووە: "ئێران به شێوەی ڕۆژانە ئیسرائیل دەکاتە ئامانج، ئەم هێرشانە لەژێر چاوەدێریی ئێمەدان و بەردەوام ئەو هێرشانە پووچەڵ دەکەینەوە".

نێتانیاهوو لەم بارەوە وتوویەتی: "ئەگەری هەیە هەر وڵاتێک لە ڕێگای ئینتێرنێتەوە بکەوێتە بەر هێرش. هەر وڵاتێک پێویستە تێکەڵاوێک لە هەوڵە بەرگریکارانە سایبێرییەکان و ڕێکخستنی ئەمنییەتی ئێلکترۆنیکی بەهێز دروست بکات.

هەر لەم پیوەندییەدا، ئاژانسی ئەمنییەتیی تۆڕی زانیاریی یەکیەتیی ئورووپا "ئێنیسا" ڕایگەیاندووە، که به خراپتربوونی دۆخی پێوەندیی ئورووپا و ئێران، ئەگەری بەربڵاوبوونەوەی چالاکییە سیخوڕییە سایبێرییەکانی ڕێژیمی ئێران زیاد دەکات.

ئەم ئاژانسە لە ڕاپۆرتەکەی خۆیدا هەکێرەکانی ڕێژیمی ئێرانی به گەورەترین هەڕەشە دژ به ئەمنییەتی دیجیتاڵی ئورووپا زانیوە.

پێشتریش دەوڵەتی ئامریکا به مەبەستی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ هێرشی هەکێرەکانی سەر به ڕێژیمی ئێران، لە ڕۆژانی ڕابردوودا ڕێوشوێنی ئەمنییەتی بەپەلەی بۆ ئێدارەکانی ئەم وڵاتە دیاری کرد.