کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نێتانیاهوو: ئێران فەرمانی کوشتاری خۆپیشاندەرانی عێراقی داوە

13:06 - 18 سەرماوەز 2719

کوردستان میدیا: سەرۆکوەزیرانی ئیسراییل وتوویەتی کە ڕێژیمی ئێران "فەرمانی کوشتار"ی خۆپیشاندەرانی عێراقیی لە درێژەی دوایین خۆپیشاندانەکانی بەغدای پێتەختی عێراقدا داوە.

"بێنیامین نێتانیاهوو"، سەرۆکوەزیرانی ئیسراییل، ڕۆژی یەکشەممە، ١٧ی سەرماوەز، لە دەستپێکی دانیشتنی دەوڵەتی خۆی لە "ئوورشەلیم" وتوویەتی: "ئێران درێژە بە دەستێوەردانەکانی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەدات و چڕتری کردووەتەوە".

ناوبراو وتوویەتی: "نیشانەگەلێک لە دەستماندایە کە ئەو کوشتارانە لە ڕێگەی میلیشیا شیعەکانی عێراقەوە و بە فەرمانی ڕاستەوخۆی سپای تێرۆریستیی پاسداران ئەنجام دراوە".

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەرییەکان، لە درێژەی هێرشی چەکداران بۆ سەر خۆپیشاندەرانی عێراقی لە ڕۆژی ١٥ی سەرماوەزدا، لانیکەم ٢٥ کەس کوژراون و زیاتر لە ١٣٠ کەس بریندار بوونە.

نیتانیاهوو حەوتووی ڕابردوو لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا خۆپیشاندانەکانی ئێران و عێراق و لوبنانی پەیوەندیدار بە یەکترەوە زانی و وتی کە کۆی ئەو خۆپیشاندانانە دژ بە چالاکییەکانی ئێران لە ناوچەکەدایە.

سەرۆکوەزیرانی ئیسراییل، هەروەها لەو دانیشتنەدا بە ئاماژەیەکی دیکە بە دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران وتوویەتی: "لە بەرانبەر ئەو جەنایەتانەدا، دەبێ گوشار بۆ سەر ئێران چڕتر بکرێتەوە و ئەمە داخوازیی من لە وڵاتانی ئورووپاییە".