کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نێتانیاهوو، ئەنبارێکی شاراوەی چەکە ناوکییەکانی ڕێژیمی ئێرانی ئاشکرا کرد

12:04 - 6 رەزبەر 2718

کوردستان میدیا: ڕێژیمی ئێران لە هەموو شوێنێکی گومان پێنەکراو بۆ شاردنەوەی چەکە ناوکییەکانی کەڵک وەردەگرێت.

نێتانیاهوو سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، ڕۆژی پێنجشەممە، ڕێکەوتی ٥ی ڕەزبەر، لە کۆڕی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، وێنەیەکی خستەڕوو کە وێنەی یەکێک لە شوێنەکانی تاران بوو، ناوبراو ئاماژەی بەو کردووە، کە ڕێژیم لەم شوێنە کە بینایەکی کۆن و داڕووخاوی هەیە بۆ شاردنەوەی چەکە ناوکییەکانی کەڵک وەردەگرێت.

ئەم بینایە کە ڕواڵەتێکی داڕووخاوی هەیە، نزیک بە ٤ کیلۆمێتر و نیو لە شوورئاباد لە دەوروبەری کەهریزەک هەڵکەوتووە و لە شوێنێکی تا ڕادەیەک دوور لە ئیسلامشارە.

ناوبراو ئاماژەی بەوە کردووە، لەم شوێنە کە یەکەم جارە لە لایەن منەوە ئاشکرا دەکرێت، ڕێژیمی ئێران چەکوچۆڵێکی ناوکیی زۆری شاردووەتەوە.

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل باسی لەوەش کردووە، کە پاش ئەوەی ئەم شوێنە لە ساڵی ڕابردوو لە لایەن ئیسرائیلەوە ئاشکرا کرا و سەبارەت بە بەڵگە ناوکییەکان ڕێژیمی ئێران لە شوورئاباد زانیاریمان بەدەست هێنا، ڕێژیمی ئێران وەخۆ کەوتووە و خەریکی بەتاڵکردن ئەم شوێنە و بڵاوکردنی کەرەستە ناوکییەکانیەتی.

نێتانیاهوو ئەم وێنە و زانیارییانەی بۆ ئەوە ئاشکرا کرد، کە بیسەلمێنێ ڕێژیمی ئێران سەرەڕای بەڵێنییەکانی چالاکییە ناوکییەکانی وەلا نەناوە و هێشتا لەم کارە بەردەوامە و ئاژانسی نێونەتەوەییی ناوکیشی لە هەبوونی ئەم شوێنە ئاگادار نەکردووەتەوە.

ناوبراو لە بەشێک لە قسەکانیدا ڕوو بە ڕێبەرانی ڕێژیم باسی لەوە کردووە، کە ئیسرائیل هیچ کاتێک ڕێگا نادات دەستتان بە چەکی ناوکی بگات و هەموو کارێک بۆ بەرەنگاریی لە خۆی لە بەرانبەر سەرەڕۆییەکانتان لە سووریە، لوبنان و عێراق یان هەر شوێنێکی دیکەی دنیا ئەنجام دەدات.