کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نێد پرایس: ئێمە و ڕووسیە لە دەستپێڕانەگەیشتنی ئێران بە چەکی ناوکی هاوڕاین

11:38 - 17 رەزبەر 2721

ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ١٥ی ڕەزبەر "نێد پرایس" وتەبێژی کۆشکی سپی وتووی کە "ئانتۆنی بلینکێن" وەزیری دەرەوەی ئامریکا و "سێرگیئی لاورۆڤ" وەزیری دەرەوەی ڕووسیە لە کۆبوونەوەیەکی هەواڵگریدا سەبارەت بە "بەرجام" وتووێژیان کردووە.

"پرایس" ڕوونی کردووەتەوە: "ئێمە لەگەڵ فێدراسیۆنی ڕووسیە هاوبیرین کە نابێ ئێران دەستی بە چەکی ناوکی ڕابگات، هەر بەو هۆیەوە ئێمە و ڕووسیە دەمانهەوێت وتووێژی ڤییەن بە زووترین کات دەست پێ بکاتەوە".

هەروەها وتوویەتی: "ڕووسیەش لەوبارەوە بانگەوازی داوە و چەندین خاڵی هاوبەشی ڕاگەیاندووە و ئەوەش پیشان دەدات کە ئێمە یەک بەرژەوەندیمان هەیە".

"نێد پرایس" جەختی کردووەتەوە: "ئامریکا، فێدراسیۆنی ڕووسیە و ئەندامانی دیکەی ٥ کۆ ١ لەسەر ئەو باوەڕەین کە بەرجام باشترین و کاریگەرترین چوارچێوەیە بۆ دستپێڕاگەیشتن بە بەرژەوەندییەکانمان".

ناوبراو وتوویەتی، قازانجی وڵاتانی "فەرانسە، ئاڵمان، بریتانیا، یەکیەتیی ئورووپا، ڕووسیە و چین" لەوەدایە کە ئێران دەستی بە چەکی ناوکی نەگات.