کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نێونجیی گەشەی ئابووریی ئێران لە یەک دەیەی ڕابردوودا ٦ لەسەد نەرێنی بووە

18:25 - 29 رێبەندان 2720

بەراوردی نوێ لە پێوەرەکانی ئابووریی ئێران نیشان دەدات، نێونجیی گەشەی ئابووری لە ماوەی ساڵی ٨٩ هەتا ٩٩ی هەتاوی،  ٦ لەسەد نەرێنی بووە و ئابووریی ئێران لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا بەردەوام لەگەڵ مەندی بەرەوڕوو بووە.

لێکۆڵینەوەکانی گەشەی ئابووریی ئێران لە ماوەی دەیەی ڕابردوودا نیشاندەری دۆخی خراپی ئابووری لەو ماوەیەدایە.

بەپێی ڕاپۆرتی ئابووریی ڕۆژنامەی 'جیهانی سەنعەت، ئێران لە دۆخی ئاسایی ئابووریدا، بۆ ئەوەیکە بتوانێت لە دۆخی مەندیی هەڵاوسانی ئێستا دەربازی بێت، شەش ساڵ کاتی پێویستە، ئەویش بۆ ئەوەیکە بێتەوە سەر دۆخی ساڵی ٩٠.

لەم ڕاپۆرتەدا جەخت لەسەر ئەوە کەراوەتەوە کە کێشەی ئابووریی ئێران تەنیا هۆکاری گەمارۆکان نەبووە و گرفتاربوون لە مەندیی ئابووریش (رکود اقتصادی) دەتوانێت هۆکاری گەمارۆکان بێت و هەمیش شێوازی سیاسەتداڕێژیی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران، واتە سیاسەتە نێوخۆییەکان بەنیسبەت گەمارۆکانەوە، قورسایی زۆرتری هەبووە.

ڕۆژنامەی جیهانی سەنعەت'لەبارەی گەشەی نەرێنیی ئابووریی ئێران بەپێی ئامارەکانی ڕێژیم نووسیویەتی: "نوێترین بەراوردەکان پیشانی دەدات گەشەی ئابووریی ئێران لە مەودای ساڵەکانی ١٣٨٩ هەتا ١٣٩٩ی هەتاوی مەنفی ٦ لەسەد بووە، بەم پێیە یەک دەیە ئابووریی ئێران گەشەی نەرێنیی هەبووە".

ئەمە لە حاڵێکدایە کە لە ٤ ساڵی ڕابردوودا ئابووریی ئێران ٢٠ لەسەد بچووکتر بووەتەوە و بەپێی هەڵسەنگاندنەکان گەشەی ئابووریی ئێران هەتا کۆتایی ساڵی ٩٩ی هەتاوی بە لەبەرچاوگرتنی داهاتەکانی نەوتی لەنێوان نەرێنیی ٥ هەتا  ٧ لەسەد و بە بێ نەوت لەنێوان نەرێنیی ٢ هەتا ٣ لەسەد دەبێت.

''حەسەن ڕووحانی'بەخستنەڕووی هێندێک ژمارە ئیدعای ئەوە دەکات کە گەشەی ئابووری لە ئێران پێک هێناوە، بەڵام ئابووریناس 'محەممەد قووڵی یووسفی ئەو ئامارانەی کە لەلایەن دەوڵەتەوە وەکوو گەشەی ئابووری دەخرێنە ڕوو ڕەت دەکاتەوە و وتوویەتی:'"بە گشتی لە کۆمەڵگایەک کە دەوڵەت لە ڕێگای بڵاوکردنەوەی پارە و پێکهێنانی نەختینەیی دەستێوردان دەکات، ئابووری لەو ڕێگایەوە دوای دەورەیەک گەشەی نەرێنی بە بڵاوکردنەوەی پارە دەچێتە قۆناغی گەشەی ئابووری کە بەو پێیە گەشەی ئابووری لە ئێران بە واتای گەشەی بەرهەمهێنانی کەرتی تایبەت نییە، بەڵکوو تەنیا بەرژەوەندیی دەوڵەت و گرووپە شاراوەکان دابین دەکات''.

بە وتەی محەممەد قووڵی یووسفی وەها گەشەیەک نە نرخی بێکاری و نە نرخی هەڵاوسان دادەبەزێنێت، هەروەها هیچ یارمەتییە یارمەتییەک بە کێشەکانی خەڵک ناکات.

ئێستا ڕێژیمی ئێران لە حاڵێکدا چاوی لە وتووێژ و ڕێککەوتن و فرۆشی نەوت بڕیوە کە دیار نییە وتووێژی فەرمی لە نێوان ڕێژیمی ئێران و ئامریکا کەی دەست پێ دەکات و هەتا گەیشتن بە ئاکام چەندە کات دەبات.

هەمووی ئەوانە نیشان دەدات کە دەوڵەت و مەجلیسی ڕێژیمی ئێران لە حاڵی پەسەندکردنی بودجەیەک بۆ ساڵی ١٤٠٠ دان کە وەدیهاتنی داهاتی نەوتی لەو بودجەیە لەگەڵ لێڵی و ناڕوونی بەڕەوڕووە. لەلایەکی دیکەوە کاریگەرییەکانی کۆرۆنا لەسەر ئابووریی ئێران لە ماوەی مانگەکانی داهاتوودا زیاتر ئاشکرا دەبێت. هەموو ئەوانە ساڵێکی دژواری ئابووری لە ئەگەری لانەبردنی گەمارۆوە نەوتییەکان بۆ ئێران دێنێتە پێش.