کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نێۆیۆرک تایمز: ترامپ هێرش بۆ سەر دامەزراوە ناوکییەکانی ئێران تاوتوێ دەکات

17:01 - 27 خەزەڵوەر 2720

ڕۆژنامەی ''نێۆیۆرک تایمز''  لە زاری چوار بەرپرسی ئێستا و ڕابردووی ئامریکا لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردووەتەوە،  ''دانڵد ترامپ'' ڕۆژی پێنجشەممە ٢٢ی خەزەڵوەر، لە دانیشتنێکدا لە کۆشکی سپی لە ڕاوێژکارانی خۆی پرسیوه کە ئایا ئەگەری هەوڵێک دژی دامەزراوە ناوکییە گرینگەکانی ئێران لە حەوتووەکانی داهاتوو هەیە یان نا.

ئەم ڕاپۆرتە ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە بڵاو بووەتەوە و باس لەوە دەکات کە ڕاوێژکارانی "ترامپ" ناوبراویان لەو بڕیارەی پاشگەز کردووەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی ''نیۆیۆرک تایمز''، هەموو ئەو ڕاوێژکارانە یەک لەوان ''مایک پێنس'' جێگری سەرکۆمار، ''مایک پۆمپێئو'' وەزیری دەرەوەی ئامریکا، ''کریستوفێر میلێر'' سەرپەرستی وەزارەتی بەرگری و ژەنەڕاڵ ''مارک میلی''، بەرپرسی ستادی هاوبەشی ئامریکا هۆشدارییان داوە کە هێرش بۆ سەر هێزەکانی ڕێژیمی ئێران بە ئاسانی دەتوانرێت شەڕی گەورەی لێ بکەوێتەوە.

دانیشتنی ترامپ لەگەڵ ڕاوێژکارانی پلە باڵای خۆی دوای ئەوە بووە کە لێکۆڵەرانی ئاژانسی نێونەتەوەیی ئەتۆمی لە ڕاپۆرتی خۆیاندا باسیان لەوە کردووە، ئورانیۆمی پیتێندراوی ئێران بە شێوەیەکی بەرچاو پەرەی سەندووە.

ڕۆژنامەی ''نیۆیۆرک تایمز'' نووسیویەتی کە ئامانجی هەر هێرشێک چ بە شێوەی مووشەکی یان سایبێری، دامەزراوەی ناوکیی نەتەنز دەبێت کە ڕێژەی ئورانیۆمی پیتێندراو لەو دامەزاراوەیە لە ئێستادا ١٢ بەرابەر زیاتر لە ڕێژەی دیاریکراوە.

لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە، هێرش بۆ سەر ئێران ئەگەرچی جێگای ڕەزامەندیی لایەنگرانی ترامپ نییە و ئەوان دژی تێوەگلانی ئامریکا لە شەڕەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستن، بەڵام ئەم هەوڵە دەتوانێت پێوندیی تاران و ئامریکا زیاتر لە ئێستا خراپتر بکات، بە شێوەیەک کە ڕێککەوتنی سەرلەنوێی ناوکی بۆ ''جەو بایدن'' دژواتر بکات.

لە بەرامبەردا ڕێژیمی ئێران هۆشداریی داوە کە ئەگەر ترامپ نیازی لێدانی دامەزراوە ناوکییەکانی لە مێشکدا بێت، لەگەڵ کاردانەوەی جیددی بەرەوڕوو دەبێتەوە.

"عەلی ڕەبیعی" وتەبێژی ڕێژیمی ئێران وتوویەتی: "هەر هەوڵێکی ترامپ بەتوندی وڵام دەدەینەوە".