کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نەبوونی ئاوی خاوێن تەنگی بە خەڵکی قەسری شیرین هەڵچنیوە

12:51 - 14 جۆزەردان 2720

جگە لە چوونەسەرەوەی پلەی گەرما لە شاری "قەسری شیرین" لە پارێزگای "کرماشان"، نەبوونی ئاوی خاوێن و پیسبوونی ئاوی خواردنەوەی ئەو شارە، دانیشتووانی شارەکەی تووشی قەیرانێکی جیددی کردووە.

بەپێی ڤیدیۆوە بڵاوکراوەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا و ڕاپۆرتی هاووڵاتییان، ئاوی خواردنەوەی شاری "قەسری شیرین" سەر بە پارێزگای کرماشان لە ڕۆژی سێشەممە ١٣ی جۆزەرداندا گەیشتووەتە ئەوپەڕی پیسی و بە کاری خواردنەوە نایەت.

ئەمە لە حاڵێکدایە کە پلەی گەرمیی هەوا لەو پارێزگایە سەرووی ٤٦ دەرەجەیە و لەو دۆخەدا خەڵک پێویستییەکی زیاتریان بە ئاو، بەتایبەت ئاوی خواردنەوە هەیە.

تەنانەت باس لەوە کراوە کە ئەو ئاوە پیسەش بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوو پچڕێندراوە و تا نیوەشەوی ڕۆژی سێشەممە، ئەو دۆخە بەردەوام بووە.

پیسبوونی ئاوی پارێزگاکانی ئێران بەتایبەت پارێزگاکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات قەیرانێکی نوێ نییە و ڕێژیم بۆ چارەسەرکردنی ئەو قەیرانە هیچ هەوڵێکی کردەیی نادات و تەنانەت کەسانێکیش کە لەو بوارەوە ناڕەزایەتییەک دەرببڕن بە توندترین شێوە سزایان دەدات.