کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نەبوونی خزمەتگوزاری بۆ بەرەنگاری لەگەڵ کۆرۆنا لە کوردستان مەترسیی دروست کردووە

13:09 - 29 رەشەمه 2719

لەم ڕۆژانەدا کە ڤایرۆسی کۆرۆنا هەموو ئێران و کوردستانی تەنیوە و هەر ڕۆژە ڕێژەی تووشبووان و قوربانییانی ئەم نەخۆشییە بە شێوەیەکی بەرچاو هەڵدەکشێت، لە هەندێک لە شارەکانی ئێران و کوردستان خزمەتگوزاریی پێویست و بۆ بەرەنگاری لەگەڵ ئەم نەخۆشییە بوونی نییە.

شاری ڕوانسەر و گوندەکانی کە حەشیمەتەکەی دەگاتە ٣٠ هەزار کەس، ئەگەر لەم ڕێژەیە تەنیا یەک لەسەد تووشی ئەم نەخۆشییە ببێت، دەکاتە ٣٠٠ کەس، ئەوە لە حاڵێکدایە کە ئەم شارە نەخۆشخانەیەکی نییە.

لەلایەکی ترەوە لە سەقز خه‌ڵكێكی‌ زۆر تووشی ئەو نەخۆشییە بوونه، به‌ جۆرێک چیتر نه‌خۆشخانه‌كانی‌ ئەو شارە كه‌س وه‌رناگرن ‌و هیچ جێگا ‌و خزمەتگوزارییەکیان بۆ چاره‌سه‌ریی‌ ئه‌و نه‌خۆشیییه‌ نییه‌.

لە کاتێکدا کە کارناسانی پزیشکی هۆشدارییان داوە کە نەخۆشیی کۆرۆنا لە ماوەی ڕۆژانی داهاتوودا زیاتر پەرە دەستێنێت، ڕێژیمی ئێران هەوڵێکی جیددی بۆ پێشگرتن لەم نەخۆشییە ناگرێتە بەر.