کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نەبوونی خزمەتگوزاری، خەڵکی لێقەوماوی بوومەلەرزەکەی ئیلامی وەزاڵە هێناوە

23:55 - 1 خەرمانان 2714

کوردستان میدیا: کەمیی خزمەتگوزاری، کەمیی خواردن و خواردنەوە، نەبوونی پێداویستی بۆ لێقەوماوان و گەرما، چەندین هۆکارن کە هاووڵاتییانی کوردی لە بەخشی موورمووریی پارێزگای ئیلام وەزاڵە هێناوە.
هەواڵدەرییەکانی پارێزگای ئیلام بڵاویان کردەوە، پاش بوومەلەرزەی ٦،١ ریشتەریی بەخشی موورمووری لە پارێزگای ئیلام و سەرگەردانیی هاووڵاتییانی کورد، کۆمەڵێک گرفت و کێشە بەرۆکی ئەو خەڵکەی گرتووەتەوە و هەنووکە رۆژ لە دوای رۆژ پاش دەرکەوتنی کەموکۆڕییەکان و کەمتەرخەمیی بەرپرسانی رێژیم، ئەو کێشە و گرفتانە زیاتر زەق دەبنەوە.

نەبوونی رێگاوبانی ستاندارد بۆ گەیاندنی یارمەتییەکان و هەروەها داخرانیان هەر لە سەرەتای هاتنی بوومەرزەکەوە یەکێک لەو کەموکۆڕییانەیە کە هاوولاتییانی کوردی لەو پارێزگایە وەزاڵە هێناوە.

رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ٢٧ی گەلاوێژ، بوومەلەرزەیەک بە گوژمی ٦،١ بە پێوەری ریشتەر کاتژمێر ٢ و ٧ خولەک و ٥ چرکە، ٣ کیلۆمیتریی بەخشی موورمووری لە پارێزگای ئیلام هەژاند و خەسارێکی زۆری بە هاووڵاتییانی کورد لەو ناوچەیەدا گەیاند.

لەم شەش رۆژەدا هەتا ئێستا نزیک بە ٥٠٠ پاش لەرزە بە دوای ئەو بوومەلەرزەیەدا هاتووە و ناوچەکانی دەوروبەری موورمووری و ئابدانانی هەژاندووە.

خەساری گیانیی ئەو بوومەرزەیە برینداربوونی زیاتر لە ٦٥٠ هاووڵاتیی کورد راگەیەنراوە و هەروەها زیاتر لە ٣ هەزار خانوو بە تەواوەتی تێکڕووخان و زەبریش بە نزیک بە ٥ هەزار خانوو کەوتووە.

زۆربەی خەسارەکان لە گوندەکانی بەخشی موورمووریی ئیلام بووە.

لەو پێوەندییەدا سەرلە بەیانیی رۆژی شەممە رێکەوتی ١ی خەرمانانی ١٣٩٣ی هەتاوی، بوومەرزەیەکی دیکە بە گوژمی ٥،٤ بە پێوەری ریشتەر ناوچەی \'\'سۆمار\'\'ی لە شارستانی قەسر شیرینی هەژاند.

هەتا ئێستا هیچ هەواڵێک لە خەسارەکانی ئەو بوومەلەرزەیە بڵاو نەکراوەتەوە.