کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نەبوونی خزمەتگوزاری لە شاری سنە خەڵکی وەزاڵە هێناوە

12:40 - 1 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: نەبوونی خزمەتگوزاری لە گەڕەک و شەقامەکانی شاری سنە، خەڵکی ئەم شارەی تووشی کێشە کردووە و گوزەرانی ژیانی بۆ ئەستەم کردوون.

ڤیدئۆیەکی بڵاوکراوە لە شاری سنە، دۆخی نالەباری ژیانی خەڵکی ئەم شارە نیشان دەدات، کە بە هۆی پێڕانەگەیشتن بە پاک و خاوێنیی شار و کۆ نەکردنەوەی زبڵ و پاشماوەکانی نێو شار، ماوەیەکە بووەتە قەیرانێکی گەورە لەو شارەدا، بە جۆرێک کە زبڵەکان بە چەندین ڕۆژ لە نێو شاردا دەمێننەوە و شارەداریی سنە  هەتا ئیستا نەیتوانیوە ڕێگەچارەیەک بۆ ئەو کێشەیە بدۆزێتەوە. 

لەم ڤیدئویەدا، نیشان دەدرێت به هۆی پێڕانەگەیشتن بە پاک و خاوێنیی نێو شار لە یەکێک لە گەڕەکەکانی شاری سنە، ''کرمێكی'' زۆر سەری هەڵداوە و لە شەقام و کۆڵانەکاندا بڵاوەیان کردووە و بەسەر دار و دیواری ماڵەکان هەڵدەگەڕێن.

ئەم ڕووداوە خەڵکی شاری سنەی تووشی کێشە کردووە و گوزەرانی ژیانی بۆ ئەستەم کردووە.

هاوکات دامودەزگا پێوەندیدارەکانی ڕێژیمی ئێران لەو شارە، هیچ هەنگاوێکیان بۆ چارەسەریی ئەم دۆخە هەڵ نەگرتووە  و چاوەڕوانیی ئەوەیان هەیە کە خەڵکەکە بۆ خۆیان ئەم کێشە و گرفتانە چارەسەر بکەن.